وردەکاریی هێرشی عەرەبی هاوردە بۆسەر جووتیارانی کورد لە پەلکانە؛ "دۆخەکە زۆر خراپە"


رووداو دیجیتاڵ

لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا عەرەبی هاوردە بە دار و بەرد پەلاماری جووتیارانی کوردیان دا لە گوندی پەلکانە. جووتیارانی کوردیش لە دژیان وەستانەوە و بەرگرییان لەخۆیان کرد، دواتر شەڕ و پێکدادان دروستبوو. شەڕەکە کاژێر 04:30ی ئێوارەی دوێنێ روویدا و هێزێکی زۆری سوپای عێراق لەنێو پەلکانە بڵاوەی پێکرا.
 
هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ تاریکیی شەودا قەدەخەی هاتووچۆیان راگەیاند و رێگەیان نەدا هیچ کەس بەرەو گوندەکە بڕوات. دانیشتووانی پەلکانە لەنێو ماڵەکانی خۆیان گەمارۆدراون. فەرهاد حەسەن، جووتیارە و دەڵێت، "دۆخی پەلکانە زۆر زۆر خراپە و هێزێکی زۆر بڵاوەی پێکراوە و خەڵک گەمارۆدراون لە ماڵەوە، هاوردەکان لە گوند و شوێنەکانی دیکەوە هاتوون."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان لە پردێ نیشتەجێیە، رایگەیاند، سێ بریندار بەهۆی شەڕەکەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و زیاتر لە 10 کەسی دیکەش برینی سووکیان هەیە. هەردوو لایەنی شەڕەکە سکاڵایان لای پۆلیس تۆمارکردووە، بەڵام جگە لە سێ بریندارەکە کەسی دیکە دەستگیر نەکراون. 
 
عەبدلموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بەوەکالەت بە رووداوی گوت، "ئێستا دۆخەکە ئارام بووەتەوە و لەژێر کۆنترۆڵی سوپادایە، لەسەرەتای شەڕەکەوە سێ کەس برینداربوون و لە نەخۆشخانەی دوبز چارەسەرییان بۆ کراوە، دوو لە عەرەبەکان سکاڵایان تۆمارکردووە، لەگەڵ جووتیارێکی کورد، ئێستا وا چوار جووتیاری دیکە دەچن سکاڵا دەکەن.''
 
بەگوتەی کوردانی پەلکانە، هاوردەکان ماوەیەکە لە هەوڵی نانەوەی پشێویدان. چەند رۆژێکە مەڕ و ماڵاتیان هێناوەتە سەر بەروبوومی چێندراوی جووتیارانی کورد لە ناوچەکە.
 
گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک و سەر بە شارۆچکەی سەرگەڕانە.