ئاوەڕۆی چەند گەڕەکێکی دەربەندیخان دەڕژێنە نێو بەنداوی دێوانە؛ 'مادەی پیسکەری تێدایە'
رووداو دیجیتاڵ
بەنداوی دێوانە لە ساڵی 2022 دروست کراوە، ئێستا ئاوەڕۆی پێنج گەڕەکی دەربەندیخان دەرژێنە نێو بەنداوەکە و رەنگ و بۆنی ئاوە سازگارەکەی گۆڕیوە.
هێمنی تەمەنی 60 ساڵان، هەر لەمنداڵییەوە لە چەمی دێوانە راوەماسی کردووە، بە تەواوەتی هەست بە پیسبوونی ئاوەکە و لێکەوتە ژینگەییەکانی دەکات.
هێمن ئەحمەد، دەڵێت، "لە حەفتاکانەوە تاوەکو 2020، دێوانە خۆشترین ماسی هەبووە، پاکترین ماسی و بەتامترین ماسی هەبووە، من سێ ساڵە راوم نەکردووە نەم وێراوە بیخۆم لەبەر ئەوەی ماسییەکەی کرمی تێدایە، بۆنێکی ناخۆشی لێ دروست بووە گۆشتەکەی رزیوە و بۆنی دێت ئەو تام و چێژەی نەماوە."
جگە لەوەی ئاوی دێوانە دەڕژێتە نێو رووباری سیروان، راستەوخۆش ئاوەڕۆی هەندێک گەڕەکی دیکەی دەربەندیخان تێکەڵ بە ئاوی سیروان دەبێت.
رێزان عومەر، مامۆستایەکی زانکۆیە، دکتۆراکەی لەسەر ئاوی بەنداوی دەربەندیخانە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیدا دەرکەوتووە، پیسبوونی ئاوەکە کاریگەری کردووەتە سەر زیندەوەرانی نێو بەنداوەکەش.
ئەو مامۆستایە دەڵێت، "بۆمان دەرکەوتووە چەندین مادەی پیسکەری تێدایە، مادەی هایدرۆکاربۆنی، کە ئەمانە هەموویان کاریگەریان هەیە، من دەمەوێت لێرەوە ئاماژە بەوە بکەم کە ئەو ئاوە چارەسەری بۆ نەکرێت پاک نەکرێتەوە کێشەی زۆرمان بۆ دروست دەکات دروستیشی کردبێت لەوانەیە، لەبەر ئەوەی ئەو مادە پیسکەرانەی باسم کرد ئەمانە دەچنە ناو جەستەی مرۆڤەوە
ناتوانین لێی رزگاربین، خۆ شەرت نییە ئێمە ئاوی دەربەندیخان نەخۆینەوە ئەو ماسیانەی کە لەوێ دەژین و دەیخۆین ئەو ماسیانەش بەهەمان شێوە پیس بوون."
جگە لەو ئاوەڕۆیانەی بەدرێژایی تێپەڕبوونی رووباری سیروان لە هەڵەبجە و سلێمانییەوە دەڕژێنە ناوی، کەڵەکەبوونی نایلۆن و پاشماوە پلاستیکییەکان کێشەیەکی دیکەی بەنداوی دەربەندیخانە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی هەرێمی کوردستان، تەنیا نزیکەی 10-20%ـی ئاوی پیسی هەرێمی کوردستان پاکدەکرێتەوە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە 80%ـی ئاوی پیسی دیکە دەڕژێتە ناو بەنداو سەرچاوە ئاوییەکان.