هێرشی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە، نرخی نەوت بەرزدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە نرخی نەوت بەرزبووەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 117 دۆلاری تێپەڕاند. هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ گفتوگۆی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی ئەگەری قەدەخەی نەوتی رووسیا و هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ دەگەڕێتەوە.
رۆژی سێشەممە 22-03-2022 نرخەکانی نەوت بەرزبوونەوە، ئێستا یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 117 دۆلار و 6 سەنتە و نەوتی سووکی تەکساسیش بە 113 دۆلار و 6 سەنت مامەڵەیان پێوە دەکرێت، بەراورد بە رۆژی دووشەممە 7% بەرزبوونەتەوە.
دووشەممەی رابردوو، نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بە 107 دۆلار بوو، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسیش بە 104 دۆلار. بەڵام بۆ ئەمڕۆ سێشەممە نزیکەی 10 دۆلار بەرزبوونەتەوە.
هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بۆ خوار 100 دۆلار دابەزی و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 98 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام کۆتایی هەفتەی رابردوو نرخی نەوت چەند دۆلارێک بەرزبووەوە و گەیشتەوە سەرووی 100 دۆلار.
دوێنێ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر پرسی وزەی رووسیا لە برووکسل کۆبوونەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک و ناکۆکن.
یەکێتیی ئەوروپا سزای تووندی ئابووریی بەسەر رووسیادا سەپاندووە، بەهۆی هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئۆکراینا و سەرمایەکانی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەی سڕکردووە. بەڵام تاوەکو ئێستا دوودڵە لە قەدەخەی وزەی ئەو وڵاتە، چونکە بەڕادەیەکی زۆر پشتی پێ دەبەستێت.
هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و هۆڵەندا دژی قەدەخەی نەوت و گازی رووسیان و دەڵێن، یەکێتیی ئەوروپا ئێستا بەهۆی پشتبەستنی زۆر بە نەوت و گازی رووسیا، ناتوانێت هاوردەکردنی قەدەخە بکات.
ئانالینا بیەربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "پرسی قەدەخەی نەوت پرسێک نییە بمانەوێت یاخود نا، بەڵکو پرسی ئەوەیە تا چ ئاستێک پشت بە نەوت دەبەستین".
رۆژی یەکشەممە چەند دامەزراوەیەکی نەوتیی وڵاتەکە لەلایەن حوسییەکانەوە کرانە ئامانج. بەهۆی هێرشەکەوە بەرهەمی چەند پاڵاوگەیەک بەشێوەیەکی کاتی وەستان. لەو بارەشەوە سعودیە هۆشداریدا لەوەی ئەو وڵاتە بەرپرسیارێتیی پەککەوتن لە هەناردەی بەرهەمی نەوت هەڵناگرێت.
هەفتەی رابردوو ئەمریکا و بەریتانیا داوایان لە سعودیە کرد کە هەناردەکردنی نەوت زیاد بکات، بەڵام محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە ئامادە نەبوو وەکو جێگرەوەی نەوتی رووسیا لە بازاڕی وزە کار بکات.
ئێدوارد مۆیا، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای OANDA بۆ زانیاریی بازرگانی دەڵێت، "پێدەچێت بازرگانانی وزە هاتبنە سەر ئەو بڕوایەی کە کورتهێنانی بەرهەم بێتە ئاراوە". دەشڵێت، "پێدەچێت ئێستا مەترسییەکان لە هەڵکشاندا بن، ئەوەش نرخی نەوت زیاتر بەرزدەکاتەوە".