یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ناکات
رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هەڵپەسارد، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش دەڵێت: "ئەوان پێیانڕاگەیاندین کە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن ناکەن، بەڵام ئێمە لەبری ئامادەنەبوون بە مۆڵەت بۆمان هەژمارکردوون."
لە کۆبوونەوەی ژمارە 106 رۆژی چوارشەممە، 22-2-2023ـی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کە تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی 20 ناحیە و کۆمەڵگە، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکەی نەکرد.
فراکسیۆنی یەکێتی هەروەها بەشداری لە کۆبوونەوەی ژمارە 105ـی ئەنجوومەنەکەش کردبوو، کە تێیدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کار و پڕۆژەکانی ساڵى 2022 و پلان و بەرنامەى کارى پارێزگاى هەولێری لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ 2023 خستەڕوو.
رۆژی چوارشەممە، 22-2-2023، ئەندازیار عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیانڕاگەیاندووین کە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن ناکەن، بەڵام دەوامی خۆیان لە لیژنەکان و ئەنجوومەن دەکەن، ئێمە لەبەر ئەوەی 10 ساڵە پێکەوەین و وەکو رێزێک بۆ ئەو ساڵانەی کارکردن و وەکو ئاکارێکی جوان، بە مۆڵەت بۆمان نووسیون."
یەکێتی پێنج ئەندامی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هەیە، ئەو بڕیارەی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری کەسیی خۆیان نییە و لە سەرکردایەتیی ئەو حیزبەوە بۆیان هاتووە، وەکو ئەندامێکی ئەنجوومەن لە فراکسیۆنی ئەو حیزبە بە رووداوی گوت.
بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی یەكێتی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەکاتێکدا دێت، ماوەی چوار مانگ دەبێت قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە پشکی یەکێتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵپەساردووە.
کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیش بەهۆی ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتییەوە کێشەی تێکەوتووە و پەرلەمانی کوردستان رۆژی 30-11-2023 دوایین کۆبوونەوەی خۆی کردووە و ماوەی دوو مانگ و نیو زیاترە کۆنەبووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 22-2-2023، نەجیب موحسین، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەشدارینەکردنی یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پشتڕاستکردەوە و بە رووداوی گوت: "ئەوان بڕیاریان داوە بەشداریی کۆبوونەوەکان نەکەن، بەڵام ئێمە رێزمان بۆ بڕیارەکەیان هەیە."