سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارابوونی پۆرتاڵی ڤیزەی ئەلیکترۆنی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارابوونی یەکەم پۆرتاڵی ڤیزەی ئەلیکترۆنی راگەیاند. بهڕێوهبهری گشتیی دیوانی وهزارهتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت :"یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی ڤیزەی ئەلیکترۆنی ئەوەیە راستەوخۆ لەماڵی خۆت لە رێگەی مۆبایلەکەت دەتوانیت پارە بدەیت بەبێ ئەوەی سەردانی وەزارەت یاخود فڕۆکەخانەکان بکەیت".
رۆژی چوارشەممە 22-2-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی پێگەکانی لە سۆشیاڵ میدیا کارکردنی یەکەم پۆرتاڵی ڤیزەی ئەلیکترۆنی راگەیاند.
د. هێمن میرانی، بهڕێوهبهری گشتیی دیوانی وهزارهتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ڤیزەی ئەلیکترۆنی گوتی :" پڕۆژەیەکی دیکەی گەورەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەتە".
پۆرتاڵی ڤیزەی ئەلیکترۆنی لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە. بهڕێوهبهری گشتیی دیوانی وهزارهتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت "وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە ئەو پرۆسەیە لە فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکان بەڕێوەدەبەن. گەشتیار، میوان، سەردانکار و کۆمپانیاکانی دەستی کار ئەوانەی بەهۆی گەشتکردن، سەردان، وەربەهێنانەوە و بازرگانییەوە دەیانەوێت سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، لەمەولا دەتوانن لە رێگەی سەردانیکردنی visit.gov.krd داوای ڤیزە بکەن".
"خاڵێکی ئەرێنی"ـیی ڤیزەی ئەلیکترۆنی بە گوتەی هێمن میرانی، ئەوەیە خەڵک راستەوخۆ لەماڵی خۆیەوە، لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە دەتوانیت بەبێ ئەوەی سەردانی وەزارەت یاخود فڕۆکەخانەکان بکات، راستەوخۆ لە رێگەی سیستەمی بانکییەوە پارە بدات.
پۆرتاڵی ڤیزەی ئەلیکترۆنی 24 کاژێر کارایە. هێمن میرانی دەڵێت "پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان کۆمەڵیک تایبەتمەندی و خاڵی ئەرێنی هەیە ئەگەر لە هەر وڵاتێک جێبەجێبکرێت دەبێتە هۆکاری خێرا گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، واتا گەشتیار لەمەولا هەر لە ماڵی خۆیەوە دەتوانیت ڤیزە پێشکەش بکات و بۆی بگەڕێتەوە سەر ئەکاونتی خۆی، دواتر سەردانی کوردستان بکات".
ڤیزەی ئەلیکترۆنی لە نیشینگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەستپێکراوە، هێمن میرانی دەڵێت "لە قۆناخەکانی دیکە لە هەموو دەروازە سنوورییەکان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی سیستەمەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن."
بەگوتەی بهڕێوهبهری گشتیی دیوانی وهزارهتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان: "لە هەموو دنیا بابەتی بە ئەلیکترۆنیکردن دەرفەتی گەندەڵی و بەریەککەوتن کەمدەکاتەوە و پڕۆسەکان خێرا دەکات. ئێمەش (لەڕێگەی سیستەمی ڤیزەی ئەلیکترۆنی) وەک وەزارەتی ناوخۆ دەتوانین زۆر بە ئاسانی بزانین، مانگی رابردوو چەند بیانی و لە کام وڵات و چی رەگەزنامەیەک هاتوونەتە هەرێمی کوردستان".