وەزیری بازرگانی: هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی قەرزی گەنمی جووتیاران دەكەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی قەرزی گەنمی جووتیاران دەكەن كە بڕەکەی 272 ملیار دینارە.
كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لە رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی پارەی قەرزی گەنمی جووتیاران دەكەن. دەشڵێت، "هەموو ئامادەكارییەكان تەواوكراون و سەرجەم پارەكە بڕی 272 ملیار دینارە."
وەزیری بازرگانی ئەوەشی خستەڕوو، پارەكە دابەشكراوە بۆ 70 هەزار چەكی بانكی "بەوەش كۆتایی دێت بەسەرجەم پارەی قەرزی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵەكانی 2015 و 2016."
لە ساڵەكانی 2014، 2015 و2016، حكومەتی عێراق بەپاساوی ئەوەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە پشكی 17% گەنمیان رادەستی حكومەتی عێراق كردووە، پارەی گەنمی بەشێك لە جووتیارانی نەدەدا. بەڵام ساڵی رابردوو 37 ملیار دیناری ئەو قەرزەی نارد، بەوەش تەنها قەرزی ساڵەكانی 2015 و 2016 مایەوە و بەناردنی ئەو 272 ملیار دینارەش كۆتایی بە قەرزی گەنمی جووتیاران هات.