بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە خانوویەک لە باکووری کوردستان سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە مەرەشی باکووری کوردستان و لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە خانوویەکی کۆنی دوو نهۆمیدا کە خێزانێکی پەناخوازی سووریایی تێیدا دەژیان، سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 02:30ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2023 روویدا. بە هۆکارێکی نادیار، خانوویەکی کۆنی دوو نهۆمی لە گەڕەکی دیڤان لە شارۆچکەی دوڵکادیرئۆغڵو لە مەرەشی باکووری کوردستان ئاگری گرت.
دوای پەیوەندیکردنی هاووڵاتییان بە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانییەوە، ژمارەیەک ئەمبووڵانس و تیمی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری و پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکە کوژایەوە.
لەو خانووەدا خێزانێکی پەناخوازی سووریایی دەژیان و سێ منداڵ بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستدا.
لە شوێنی رووداوەکەدا دوو منداڵ بە ناوەکانی (ز.ئا) و (م.ئا) گیانیان لەدەستدا؛ منداڵی سێیەم بە ناوی (ئا.ئا) دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.