هاوپەیمانیی عەرەبی رەتیدەکاتەوە هیچ زیندانێکی لە یەمەن بۆردوومان کردبێت


رووداو دیجیتاڵ

حوسییەکانی یەمەن دەڵێن، لە هێرشێکی ئاسمانییدا بۆ سەر زیندانێکی شاری سەنعای پایتەختی یەمەن کە رۆژی هەینی ئەنجامدراوە لانیکەم 70 کەس کوژراون، دەشڵێن: "هاوپەیمانیی عەرەبیی بە سەرۆکایەتیی سعودیە هێرشەکەی ئەنجامداوە."
 
حوسییەکان چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە کە نیشانیدەدەن ژمارەیەک تەرم کەوتوونەتە ژێر دارووپەردووی زیندانێکی سەنعا، هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعودیە کە لە ساڵی 2015ـەوە شەڕی حوسییەکان دەکات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەتیکردەوە ئەوان هێرشە ئاسمانییەکەیان ئەنجامدابێت، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەرکۆنەی دەکات. 
 
تورکی ئەلمالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی بە میدیای سعودیەی گوت، دەنگۆی بە ئامانجکردنی ئەو زیندانەی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە لایەن ئەوانەوە بێبنەمایە.
 
تورکی ئەلمالیکی، گوتیشی، "زیندانەکە لە لیستی ئەو شوێنانەدا نەبووە کە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دیارییان کردبوو بۆ ئەوەی هێرشیان نەکرێتە سەر، خاچی سووری نێودەوڵەتی ئێمەی لە هەبوونی زیندانێکی لەو جۆرە ئاگادار نەکردووەتەوە. هاوپەیمانیی عەرەبی راستی و وردەکارییەکانی رووداوەکە لەگەڵ هەردوو رێکخراوەکە هاوبەش دەکات و لەو زانیارییە ناڕاستانە ئاگاداریان دەکاتەوە کە میدیای حوسییەکان لە بارەی زیندانەکەوە بڵاویکردوونەتەوە."
 
رێکخراوی منداڵپارێزی دەڵێت، لە شاری حودەیدەش لە باشووری یەمەن، لانیکەم سێ منداڵ بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی هاوپەیمانیی عەرەبییەوە گیانیان لەدەستداوە کە سەرقاڵی یاریکردن بوون، باس لەوەش دەکات: "دەگوترێت منداڵەکان لە نزیک گۆڕەپانێکی تۆپی پێ یارییان دەکرد، کاتێک مووشەکەکان بەر زەوی کەوتوون."
 
هەشت رێکخراوی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان کە لە یەمەن کاردەکەن، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن: "بە هەواڵی کوژرانی زیاتر لە 70 کەس تاساوین، لە نوێیاندا کۆچبەر، ژن و منداڵ هەن، ئەو هێرشە ئاسمانییە پشتگوێخستنی زەقی ژیانی خەڵکی سڤیلە." 
 
هێرشەکە دوای ئەوە هات کە حوسییەکان بە هێرشکردنە سەر شاری ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کە سێ کەس بەهۆیەوە کوژران، شەڕی حەوت ساڵەی نێوخۆی یەمەنی بردە قۆناخێکی نوێوە. 
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی داوای لە هەموو لایەنەکان کرد گرژییەکان کەمبکەنەوە و رێز لەو بنەمایانە بگرن کە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بۆی دیاریکردوون.