شاندی حکومەت ئەنجامی سەردانەکەی بۆ تاران و بەغدا دەخاتەڕوو

رووداو - هەولێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، لە كۆبوونەوەكەشدا شاندی حکومەت ناوەڕۆكی سەردانەکەی بۆ تاران ‌و بەغدا دەخاتەڕوو.

نووری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئەمڕۆ (دووشەممە، 22-1-2018) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆدەبێتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا ناوەڕۆك ‌و ئەنجامەكانی چوونی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تاران ‌و بەغدا دەخرێنەڕوو".

سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەش كرد "رۆژی 23-1-2018 بەهەمان شێوە شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سویسرا بەشداری لە 48ـەمین كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس دەكات". 

ماوەیەكی زۆرە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەفتانە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەكات دوای كۆبوونەوەكانیش سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان دەداتەوە.


پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار