منداڵێک لە گەرمیان دەکەوێتە ژێر ئۆتۆمبێلی خاڵی و گیان لەدەستدەدات

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی گردەگۆزینەی گەرمیان، منداڵێکی چوار ساڵان دەکەوێتە ژێر ئۆتۆمبێلی خاڵی و گیان لەدەستدەدات. 
 
ئەمڕۆ (شەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2024) بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان رایگەیاند، رووداوەکە ئێوارە لە گوندی گردەگۆزینەی گەرمیان روویداوە "ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا لە منداڵێکی 4 ساڵانی داوە و منداڵەکە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە." 
 
رزگار لەتیف، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار بە رووداوی گوت، "منداڵەکە ناوی پێشەوا سیروان بوو، پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانەکەمان گیانی لەدەستدابوو؛ ئێمەش تەرمەکەیمان رەوانەی دادپزیشکی کرد."
 
رزگار لەتیف گوتیشی، "ئەو کەسەی لە منداڵەکەی داوە، خاڵیەتی. دیارە لە ماڵیان میوان بووە و لە کاتی رۆشتنەوەی بە نەزانین، بە ئۆتۆمبێلەکەی شێلاویەتی."
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت، لێکۆڵینەوە لەبارەی چۆنیێتی رووداوەکە و هۆکارەکەی لەلایەن تیمی هاتووچۆی گەرمیانەوە بەردەوامە.