وەزارەت بۆ پەروەردەی سلێمانی: تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەر 80 نمرە بکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لە پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەرین دەڵێت، ئەو قوتابی و خوێندکارانەی نمرەی هەڵسەنگاندن و نیوەی وەرز (10-20-10)ـیان هەیە، لەسەر 60 نمرە تاقیکردنەوە بکەن و ئەوانەی نمرەی 20ـیان نییە لەسەر 80 نمرە تاقیکردنەوە بکەن.
 
بەگوێرەی نووسراوێک کە ئەمڕۆ دووشەممە 21-12-2023، دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین کردووە لەبارەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم و دەڵێت، "بەمشێوەی خوارەوە مامەڵە لەگەڵ نمرەی تاقیکردنەوەکانی قوتابیان و خوێندکاران بکەن."
 
لە نووسراوەکەدا وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، ئەو قوتابی و خوێندکارانەی نمرەی هەڵسەنگاندن و نیوەی وەرز (10-20-10)ـیان هەیە، پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەر 60 نمرە ئەنجام بدەن.
 
لەبارەی ئەو قوتابخانە و خوێندنگانەی تاقیکردنەوەی نووسینەکی 20 نمرەیان نەکردووە و تەنیا نمرەی هەڵسەنگاندنیان هەیە، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، ئەوان پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لەسەر 80 نمرە بکەن و بەمشێوەیە لە سیستم تۆماری بکەن:
 
- نمرەی بەدەستهاتوو لە 80 نمرە دابەشی 4 بکرێت بۆ دەرهێنانی 20 نمرەی تاقیکردنەوەی نووسینەکی. 
- نمرەی بەدەستهاتوو لە 80 نمرە لێکدانی 0.75 بکرێت بۆ دەرهێنانی 60 نمرەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز.
- نمرەی کۆتایی لە هەردوو خاڵی یەکەم و دووەم نزیک بکرێتەوە بۆ نمرەی تەواو ئەگەر نمرەکە بە کەرت دەرچوو
لەبارەی تاقیکردنەوەی وەرزی دووەم وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، "ئەو قوتابخانە و خوێندنگانەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم ئەنجام دەدەن بۆ وەرزی دووەم لەسەر هەمان ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە بەردەوام دەبن."
 
ئەمە لەکاتێکدایە، هێشتا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە بەردەوامە.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی گوت، "هیچ بڕیارێکی گەڕانەوەمان بۆ خوێندن نەداوە و تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی نوێی لەبارەی گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن نییە. ئەو نووسراوەی وەزارەتی پەروەردەش دەریکردووە تایبەتە بەو قوتابخانانەی کە خوێندنیان کردووە کە ئەوانیش پۆلەکانی 9 و 12ـەن، ئەوانە لە بەشێک لە قوتابخانەکان دەوامیان کردووە."
 
لە 13ـی ئەیلوولەوە دەوامی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە و دەرگەی قوتابخانەکان داخراوە، بەڵام لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە.
 
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.