نرخی گازوایل لە باکووری کوردستان و تورکیا زیاد دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە تورکیا و باکووری کوردستان، نرخی گازوایل زیاد دەکرێت، بۆ هەر لیترێک لیرەیەک و 76 قروشی دەخرێتەسەر.

بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا چاوەڕوان دەکرێت بەرەبەیانی رۆژی هەینی 22ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە تورکیا و باکووری کوردستان، ئەو نرخە بۆ لیترێک گازوایل زیاد بکرێت.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2023، نرخی یەک لیتر بەنزین یەک لیرە و 49 قروش زیاد کرا و لە نرخی گازوایلدا هیچ زیادکردنێك یان کەمکردنەوەیەک نەکرا.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2023 نرخی یەک لیتر گازوایل لە ئیستەنبووڵ 35.48 لیرە، لە ئەنقەرە 36.16 لیرە و لە ئیزمیر 36.40 لیرەیە، لە سبەی هەینیەوە پێشبینی دەکرێت نرخیان زیاتر بەرزببێتەوە. 
 
دوایین جار لە 13ـی ئەیلولی 2023 نرخی یەک لیتر گازوایل دوو لیرە زیادکرابوو.
 
بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاری ئەم ساڵ، لیترێک گازوایل بە 18.58 لیرە بوو. لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە و تا ئێستا نرخی گازوایل زیاتر لە 100٪ بەرز کراوەتەوە.