شاخەوان عەبدوڵڵا: تاوەکو کاتی هەڵبژاردنی پارێزگاکان, کەرکووک بەپێی رێککەوتنی سیاسی بەڕێوەدەبرێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەر کۆبۆنێکی خۆراک لەدوای ساڵی 2013 گوازرابێتەوە بۆ کەرکووک و ئەو پارێزگایانەی کە ماددەی 140 دەیانگریتەوە، کاری پێناکرێت. دەشڵێت: "لێکتێگەیشتن هەیە ئیدارەی کەرکووک بە هاوبەشی و رێککەوتنی پێکهاتەکان بەڕێوەببرێت، تاوەکو ئەو کاتەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکرێت."
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە پرۆسەی تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم راگیرابوو، بەڵام لەدوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر جارێکی دیکە بە چڕی دەستیپێکردووەتەوە و ئێستاش بە چاودێریی نەتەوەیەکگرتووەکان گفتوگۆی پێکهاتەکان هەیە بۆ چارەسەری ئەم گرفتە."
بە بڕوای جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، "کێشەی گەورە" لە دۆسیەی زەوییە کشتوکاڵییەکاندا هەیە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، چونکە ژمارەیەکی زۆر زەویی کشتوکاڵی کە خاوەندارێتییەکەی بۆ هاونیشتمانییانی کورد دەگەڕێتەوە، گوازراونەتەوە سەر وەزارەتی دارایی عێراق ئەوە جگە لەو زەوییانەی کە دراونەتە عەرەبی هاوردە بە گرێبەست، هەربۆیە ئێستا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەوڵدان تاوەکو بڕیار لە قەرەبووکردنەوەیان بدرێت و پارە بۆ قەرەبووەکە تەرخان بکرێت و کێشەی خاوەندارێتیی ئەو زەوییانە چارەسەر بکرێن.
"ئیدارەدانی هاوبەش"
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران باس لەوەش دەکات کە ئێستا هاوئاهەنگی لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک هەیە تاوەکو کاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کەرکووک بە هاوبەشی ئیدارە بدرێت و دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ساڵی داهاتوودا و دواتر بەپێی بەرکەوتی هەڵبژاردن پۆستەکان دابەش بکرێنەوە.
سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری کەرکووکیش کە تاوەکو 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بەدەست کوردەوە بوو و، ئێستا راکان جبووری بە وەکالەت بەڕێوەی دەبات، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "نەک تەنیا کورد، بەڵکو هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک لە رۆڵی پارێزگار ناڕازین و پێویستە بگۆڕدرێت."