چوار گوندی سنووری گوڵاڵە سەرژمێری نەکران

رووداو دیجیتاڵ
 
دانیشتووانی رەسەنی چوار گوندی سنووری شارۆچکەی گوڵاڵە، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان بەڵام بە بیانووی ئەوەی گوندەکانیان چۆڵکراون، تۆمارنەکران.
 
گوندەکانی تەپەچەرموو، ئەحمەد گوڵە، بنەباخ و عەلوەش لە نێوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوو کەوتوونەتە بەر شاڵاوی تەعریب. دواتریش هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و مەترسی داعش بوونە سەربار و کوردەکانی ئەو ناوچەیە زۆرێکیان تووشی کۆچی زۆرەملێ بوون.
 
بەرپرسی دووەمی پارێزگای دیالە، خۆی و هێزێکی زۆر لە دووەم رۆژی سەرژمێری هاتوونەتە گوندی قەڵا، ناوتۆمارنەکردنی خەڵکی رەسەن بە جێبەجێکردنی یاسا ناودەبات.
 
حسن محەممەد، جێگری پارێزگاری دیالە دەڵێت، "ئەوە یاسایە نەک بەعەرەبکردن، یاسا لەسەر هەموان جێبەجێ دەکرێت، بەعەرەبکردنمان نییە، بە کورد کردنیشمان لە دیالە نییە، ناوچەکە ئارامە و هەر کەس دەخوازێت بگەڕێتەوە دەتوانێت بگەڕێتەوە و دێت داواکارییەک بەگوێرەى رێکارەکان پێشکێش دەکات بەوەى کە خەڵکى ناوچەکەیە و دەگەڕێتەوە و هیچ کێشەیەکمان نییە".
 
تەعریب و کۆچی زۆرەملێ بە تەنیا کاریگەری نەرێنی لەسەر دانیشتووانە کوردەکەی قەزای خانەقین نەبووە، بەڵکو لە کۆی 350 بژمێری شارۆچکەی گوڵاڵە، تەنیا یەک کەسیان کوردە.
 
لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، لە سنووری قەزای خانەقین 30 گوندی کوردنشین بەتەواوەتی چۆڵکراون.