ئەو دوو گەنجە کوردەی لە ئێران رفێندرابوون بە 11 هەزار دۆلار ئازادکران

رووداو دیجیتاڵ 

دوای پێنج رۆژ لە رفاندنی دوو گەنجی کورد لە ئێران، لە بەرامبەر 11 هەزار دۆلار ئازادکران. دوو گەنجەکە باسی ساتی رفاندنەکە دەکەن و دەڵێن، "چەکدارێک و دوو کەسی دیکە هاتن و گوتیان پووڵ [پارە]مان دەوێت و ئێمەیان بردە سەر شاخێک."
 
ئاکار بەڕێز یەکێکە لە رفێندراوەکان و تەمەنی 20 ساڵە، لەگەڵ رەوا جەعفەری 20 ساڵ کە خزمیەتی، رۆژی 16ـی ئەم مانگە لە رێگەی دەروازەی باشماخ، بۆ وەرگرتنی چارەسەری نەشتەرگەریی لووتی دەچێتەوە ئێران، بەڵام لەلایەن باندێکەوە دەڕفێندرێن و داوای پارەیان لێدەکرێت، ئاکار دوای ئازادکردنی لە هەولێر چیرۆکی رفاندنەکەی بۆ رووداو گێڕایەوە.
 
چیرۆکەکە سەرەتا بەمشێوەیە دەستیپێکردووە، "لە دوای دەروازەی باشماخ سواری تاکسییەک بووین، تاکسییەکە قسەی لەگەڵ ئەوانی دیکە دەکرد و دیاربوو دەستیان لەگەڵ یەکدی هەبوو، گوتی ئەو نەفەرانە بهێنە لای من، بە تاکسییەکە لە سەقز و بانە و ئەوانە تێپەڕین گەیشتینە رەزاییە، لە رەزاییەش ئێمەیان دایە تاکسییەکی دیکە و ئێمەیان برد بۆ شاری ماکوو، دوای کەمێک سووڕانەوە بە شەقامەکان لایدایە رێگەیەکی خۆڵ و لایتی ئۆتۆمبێلەکەی کوژاندەوە، ئیدی چەکدارێک و دوو کەسی دیکە خۆیان بە ئۆتۆمبێلەکەدا دا، ئێمەیان زنجیر کرد، ملی من و رەوایان زنجیر کرد، قاچیان زنجیر کردین، ئێمە پێمان گوتن، چیتان دەوێت، گوتیان ئێمە بەس پووڵمان دەوێت بەس پارەمان دەوێت، ئیدی بەسەر شاخێکیان هەڵگەڕاندین، زنجیرەکانی ملمان کرابووە یەک و بەیەکەوە رایان دەکێشاین، لە کاژێر نۆ بردراین، کاژێر یەک بۆ دووی شەو گەیشتینە سەر شاخەکە."
 
ئاکار و رەوا باس لەوە دەکەن لەو پێنج رۆژەی کە رفێندرابوون بەردەوام لەلایەن ئەو کەسانەوە ئازار دەدران و لە دۆخێکی سەختدا بوون. 
 
ئاکار بەڕێز گوتی، "ڤیدیۆیان دەکردین و ئازاریان دەداین و بە زنجیر لێیان دەداین، زۆر زۆر خراپ بوون.. ئەو چەند رۆژە هیچیان نەداینێ تەنانەت پارچە نانێکیش کە داوای ئاویشمان دەکرد بە قووم دەیانداینێ و مردین لەگەڵیان، جلوبەرگیان لەبەرمان داکەندبوو، لەسەر ئەو شاخە رەقە بە شۆرتەوە دەنووستین لەکاتێکدا پلەی گەرمی چوار پلە بوو." 
 
وەک ئاکار دەیگێڕێتەوە ئەو باندە کاری یەکەمجاریان نەبووە، ئەوان بە فارسی، تورکی و کوردییەکی خراپ قسەیان کردووە.
 
ئاکار بەڕێز، لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکی رفاندنی خۆی و هاوڕێکەی دەڵێت، "دانەیەکیان عەجەم بوو، جنێوی دەدا و زۆر کفریان دەکرد، بە فارسی، تورکی و کوردی قسەیان دەکرد، ئەوانی دیکەش بە فارسی قسەیان دەکرد، بەڵام کەمێک کوردییان دەزانی."
 
کەسوکاری ئاکار و رەوا، بڕی 11 هەزار دۆلاریان لەڕێگەی هەژمارێکی بانکی لە تورکیا بۆ باندەکە ناردووە، باندەکەش دوای دڵنیابوونەوە ئینجا دوو گەنجە کوردەکەیان ئازادکردووە. گەنجەکان رۆژی دووشەممە، 20ـی تشرینی دووەم ئازادکراون و بەیانیی رۆژی سێشەممە گەڕێندراونەتەوە هەولێر. 
 
نەوزاد حەمەدوڵڵا، مامی ئاکارە و دەڵێت، "مام و باوکی رەوا چوونە ئێران، زۆر گەڕاون و ئیتڵاعاتی ئێرانیشیان لەگەڵ بووە، بەس بەڕاستی بڵێین ئیتڵاعات هیچیان پێ نەکرا، رۆژانە کە ئەو ڤیدیۆیانەمان بۆ دەهات، بەڕاستی زۆر شپرزە دەبووین چوار بۆ پێنج رۆژ لەژێر ئەو ئازارەدا بوون، ناچاربووین پارەمان بۆ هەژمارێکی بانکی نارد، کە تایبەت بوو بەو کۆمەڵە مافیایە لە تورکیا."
 
لەدوای ئەو رووداوەوە ئاکار بڕیاریداوە، جارێکی دیکە بۆ وەرگرتنی چارەسەری نەشتەرگەرییەکەی نەچێتەوە ئێران و لای پزیشکانی هەولێر چارەسەر وەربگرێت.