وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی سپی نەگەیشتووە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چاوەڕوانی ناردنی نەوتی سپی لە حكومەتی عێراق دەکات و بۆ ئەم مەبەستە چەندین نووسراوی ئاراستەی لایەنی پەیوەندار كردووە، بەڵام تائێستا پشكی هەرێمی كوردستان نەگەیشتووە.
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە نەوتی ماڵان بنێرێت.
 
بەگوتەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بێت، دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر دەستیپێکردووە و دەشڵێت، "وەزارەتەکە لە رێگەی هەوڵەکانی و بە پاڵپشتیی تەواوی سەرۆکی حکومەت توانراوە بە نرخی پاڵپشتیکراو تاوەکو ئێستا زیاتر لە 116 هەزار و 209 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دابین کردووە و بەسەر 581 هەزار خێزان دابەشکراوە."
 
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 9ـی تشرینی یەکەم دەست بە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان کرا و ئێستا لە سەنتەری شارن، تاوەکو ئێستا لە سلێمانی بە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان 49 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر 248 هەزار و 230 خێزان دابەشکراوە. 
 
بەگوتەی سەلام عومەر، دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری هەڵەبجە و سلێمانی دەستیپێکردووە و دەشڵێت، "لە سەنتەری شاری سلێمانی 10 مەڵبەندمان هەیە ساڵی رابردوو تاوەکو مەڵبەندی حەوت نەوت دابەشکرا، بۆیە ئەم ساڵ لە مەڵبەندی حەوتەوە دەستمان بە دابەشکردن کرد و ئێستا لە دوایین مەڵبەندین کە ژمارە 10یە، دوای ئەوە ئەگەر نەوت بەردەست بوو ئەوە لە مەڵبەندی یەکەوە دووبارە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکەینەوە."
 
لەگەڵ دابەشکردنی نەوتی سپی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، نرخی نەوتی بازرگانی لە بازاڕی سووتەمەنی کەمیکردووە. سەرباز کەریم، گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنی هەولێر بە رووداوی گوت، "نرخی نەوتی ماڵان بە 160 بۆ 170 هەزار دینارە، لەکاتێکدا پێشتر نرخی یەک بەرمیل بە زیاتر لە 190 هەزار دینار بووە."
 
سەرباز کەریم دەشڵێت، دوو رۆژە سەرما هاتووە حکومەتیش لە سەنتەری شار و لە ناوچە شاخاوییەکانیش نەوت دابەش دەکات بۆیە خواستێکی زۆر لەسەر کڕینی نەوت نییە.
 
ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی گوتیشی، "بۆ ئەوەی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان یەک بەرمیل نەوتی 200 لیتری وەربگرن پێویستیمان بە نزیکەی 105 ملیۆن لیتر نەوتە."
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 285 هەزار خێزان هەن. ساڵی رابردوو لەو ژمارەیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نەوتی بەسەر زیاتر لە 383 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکرد. لە 20ـی ئۆکتۆبەرەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئادار بەردەوام بوو.
 
ساڵی رابردوو زۆرترین نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا، زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر بوو؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە 639 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکرا.