سەرۆکی کۆمیسیۆن بۆ رووداو: تاوەکو کاژێر 6:00ـی ئێوارە ئەنجامی بەرایی دەنگدان رادەگەیێنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکو کاژێر 6:00ی ئێوارە ئەنجامی بەرایی دەنگدان رادەگەیێنن.
رۆژی دووشەممە، 21-10-2024 عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی یاسا، دەبێت تاوەکو کاژێر 6:00ـی ئێوارە ئەنجام رابگەیێنین. بۆیە تاوەکو ئەو کاتە کۆمیسیۆن ئەنجامەکە رادەگەیێنیت".
بڕیارە ئەنجامەکە لە بەغدا رابگەیێندرێت. سەرۆکی کۆمیسیۆن گوتی، ناتوانرێت تانە لە ئەنجامی بەرایی بدرێت، بەڵام هەر لایەنێک سکاڵای هەبوو دەتوانێت تانە لە ئەنجامی کۆتایی دەنگدان بدات.
لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی، حاکم عومەر گوتی، "تاوەکو ئێستا کاتی ئەوە دیار نییە".
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئەو ژمارانەی لە راگەیاندنەکانەوە بڵاودەکرێنەوە گوتی، ئاماری فەرمی نین.
رۆژی هەینی 18-10-2024 دەنگدانی تایبەت و یەکشەممە 20-10-2024 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.
لەم هەڵبژاردنەدا 14 پارت و هاوپەیمانی رکابەرییان لەسەر کورسییەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد. کۆی بەربژێران 1191 و پارتەکانیش رکابەرییان لەسەر 95 کورسی لەگەڵ پێنج کورسی بۆ کۆتا کرد.
هەڵبژاردنەکە بەسەر چوار بازنەدا دابەشکرا بەمشێوەیە:
هەولێر 34 کورسی
سلێمانی 38 کورسی
دهۆک 25 کورسی
هەڵەبجە سێ کورسی
لە کۆی ئەو 100 کورسییە، پێنج کورسی بۆ کۆتا لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی دانراون.
هەروەها لە کۆی 1191 بەربژێر بۆ ئەو هەڵبژاردنە، 949 بەربژێریان سەر بە حیزبەکان بوون، 123 بەربژێری هاوپەیمانێتییەکان لەگەڵ 119 بەربژێری سەربەخۆ هەبوون.
پارتی زۆرترین بەربژێری هەبوو بە 190 بەربژێر و بەرەی تورکمانیش کەمترین بەربژێری هەبوو کە 11 بەربژێرن.