ئەمریکا داوا لە وڵاتان دەکات هاووڵاتییەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا ببەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات، کەسوکاری چەکدارەکانی داعش کە هاووڵاتیی وڵاتەکانیانن، لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان بگەڕێننەوە.
لە پانێلێکی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە واشنتن دی سیی پایتەختی ئەمریکا، کریس لاندبێرگ، هاوئاهەنگیکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش باسی لە گرنگیی گەڕاندنەوەی بەندکراوە بیانییەکانی داعش لە کەمپ و زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد.
لاندبێرگ ئاماژەی بەوە کرد کە "بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو" لە گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەدا هەبووە، بە جۆرێک کە لە ساڵی 2022 نزیکەی سێ هەزار کەس گەڕێندراونەتەوە 14 وڵات و لەم ساڵیشدا سێ هەزار و 800 کەس گەڕێندراونەتەوە 20 وڵات. بە گوتەی لاندبێرگ، تەنیا لە دوو مانگی رابردوودا، نزیکەی دوو هەزار کەس کەمپەکانی رۆژ و هۆڵیان جێهێشتووە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ زیادبوونی هەوڵی وڵاتان لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیان.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە بەجێماوەکان کرد، بە دیاریکراویش ئەو 25 هەزار منداڵە تەمەن خوار 12 ساڵانەی کە هێشتا لە کەمپەکانی هۆڵ و رۆژدا ماون. گوتیشی: "زۆر لەو منداڵانە بەڵگەنامەی پێویستیان نییە و لە دایک و باوکی نەتەوە جیاواز لەدایک بوون."
لاندبێرگ داوای لە حکومەتی وڵاتان کرد گرنگیی زیاتر بە گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانە بدەن و "خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتییان پێشکێش بکەن بۆ پشتیوانیکردن لە خوێندن و شیاندنەوەیان لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان."
لە بارەی چەکدارەکانی داعش کە لە بەندینخانەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان، لاندبێرگ گوتی لە دۆخێکی "خراپدان" و بەشێکیان تووشی نەخۆشییەکانی سیل و بەدخۆراکی بوون. ئەو بەرپرسە ئەمریکییە جەختی لە بەرپرسیارێتیی وڵاتەکانیان کردەوە بۆ ئەوەی یارمەتیی مرۆیی و پزیشکیان بۆ دابینبکەن و داوای لێ کردن، بیانگەڕێننەوە وڵاتەکانیان.
لاندبێرگ باسی لەوە کرد کە ئاساییشی کەمپی هۆل بەهێزکراوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێکەوە لەگەڵ وەزارەت و ئاژانسەکانی دیکەی وڵاتەکە تیمێکی تایبەتیان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی مرۆیی و ئەمنی کەمپی هۆل پێکهێنا.
بە گوتەی نێردەی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئەم ساڵ هیچ کەس لە کەمپەکەدا نەکوژراوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 90 کەس لە ساڵی 2021 و 40 کەسیش لە ساڵی 2022 لەو کەمەپەدا کوژرابوون کە ژن و منداڵانی چەکدارانی داعش لەخۆدەگرێت.
لاندبێرگ هەروەها گوتی: هەسەدە "لە ئابی ساڵی 2022، کێوماڵێکی ئەمنیی گەورەی بەنێو کەمپی هۆڵدا کرد و چوار ژنی زنجیرکراویان لەو توونێلانەدا دۆزییەوە و رزگارکردن کە داعش بۆ شاردنەوەی چەک، بە قاچاخبردنەدەرەوەی خەڵک و مەشقپێکردنی ئەندامەکانی دروستیکردبوون."
ئەو دیپلۆماتە ئەمریکییە جەختی لە پێویستیی "کەمکردنەوەی گرژییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی" سووریا کردەوە چونکە بە گوتەی خۆی، ئەوە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هەوڵەکانی رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، لە کاتێکدا کە سەرەتای ئەم مانگە تورکیا دەستی بەزنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کرد بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و زیانی بەرچاوی بە ژێرخانی ئاو، کارەبا و نەوتی ناوچەکە گەیاند.
1ی تشرینی یەکەم، دوو کەس هێرشیان کردە سەر ئاساییشی گشتیی تورکیا لە ئەنقەرە، یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوەی دیکەشیان لە لایەن پۆلیسەوە کوژرا. دوو پۆلیسی تورکیاش برینداربوون. بەرپرسانی ئەنقەرە رایانگەیاند، دوو هێرشکارەکە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەوە رۆشتوون، بەڵام مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزە زۆرینە کوردییەکە، ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە.
لاندبێرگ گوتی: "پێویستە هەموومان کاربکەین بۆ ئەوەی هیچ دەرفەتێک بە داعش و لایەنە شەڕەنگێزەکانی دیکە نەدەین شوێنپێی خۆیان لە ناوچەکەدا لە داهاتوودا بەهێز بکەنەوە. وەکو لە هێرشە تیرۆرستییە تۆقێنەرەکەی حەماسدا بینیمان، هەر دۆخێکی هەستیار دەکرێت خێرا و بێ ئاگاداری بگۆڕێت. ئەمە سروشتی تیرۆرە. بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی لایەنە چەکدارەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و زیادبوونی ناسەقامگیری لە تەواوی ناوچەکە، ناتوانین هیچ رۆژێک بە کەم وەربگرین. پێویستە هەموومان لە ئێستاوە هەنگاوبنێین."