نڤیشکانێک لە هەولێر کرێی خانووەکەی زیاترە لە داهاتەکەی؛ " کەس ئیشم پێنادات"

رووداو دیجیتاڵ 

ژیان و گوزەرانی نڤیشکانێکی شاری هەولێر زۆر قورس بووە، بە تایبەت دوای ئەوەی هاوسەرگیریی کردووە و منداڵێکیان هەبووە کە ناتوانن خەرجیی نەخۆشییەکەی دابین بکەن. گەنجەکە لەگەڵ هاوژینەکەی لە ماڵی دایکی دەژین. چوار مانگە کرێی خانوویان نەداوە و کرێچی ئاگاداری کردوونەتەوە خانووەکە جێبهێڵن. 
 
گەنجێکی نڤیشکان کە لە شاری هەولێر دەژی، تەمەنی 20 ساڵە، هەر کە لە دایکبووە قاچی چەپی نیوەی پێوە نەبووە، دەستێکیشی لە سکماکەوە تەواو نییە، زیاتر لە تەمەنی و توانای جەستەیی خۆی قورسایی ژیانی لەسەر شانە، دوو ساڵە ژیانی هاوبەشی لەگەڵ خانمێکی تەمەن 20 ساڵان پێکهێناوە و 8 مانگە بوونەتە دایک و باوکی کچێک. ئەم گەنجە باوکی نەبینیوە و لەگەڵ دایک و هاوژین و کچە بچووکەکەی لە ماڵێکی سادەدا دەژین، بەڵام ژیانێک کە هەژاری تەنگی پێهەڵچنیون و دەستکەوتنی خۆراکی رۆژانە گەورەترین خەمیانە.
 
ئەو گەنجە خاوەنپێداویستیی تایبەتە دەڵێت، "لە هەموو جێگەیەک ئیشم پێناکرێ و کەس ئیشم پێنادات لەبەر دەست و پێم، دەچمە هەر جێگەیەک توانای ئەوەم نییە یان دەڵێن ئیشت پێناکرێ، خۆشم ناتوانم زەخت لەسەر دەست و پێم بکەم تەنیا ئەگەر بڕۆمە بازاڕ و کرێکاری بکەم رۆژانە 5 هەزارە یان شەش هەزار یان حەوت هەزار یان 10 هەزارم دەستدەکەوێت، زۆر زۆر ئەگەر بگاتە 15 هەزار، نازانم 15 هەزار بدەمە موەلیدە یان کرێی خانوو یان خەرجی و شیری منداڵ یان خواردن. نازانم بە کامەی رابگەم بۆچەندان رابکەم، کرێی خانوو دەدەی موەلیدە دێت، موەلیدە دەدەی کارەبا و ئاو دێت، پارەی ئاو دەدەی پارەی کارەبای نیشتیمانی دێت." 
 
هاوژینی ئەو گەنجە خاوەنپێداویستیی تایبەتە دەڵێت: "منداڵەکەم زۆر نەخۆشە. ئەوە هەفتەیەک دەبێت زۆر نەخۆشە، کۆکە و هەڵامەتی گرتووە. ئاو هیچ لە چاوی ناوەستێ. پارەشمان نەبووە بیبەین بۆ لای پزیشک، هاوژینەکەم دەچێتە هەر جێگەیەک بۆ کار، دەڵێن ئێمە بەرپرسیارێتی هەڵناگرین."
 
لە خانووەکەیان کەمترین کەلوپەلی نێو ماڵ هەیە، دایکی گەنجەکە جیا لەم کوڕەی، شەش کچ و دوو کوڕی دیکەی هەیە، بەڵام هەموویان لە ماڵی خۆیانن، دەڵێ دۆخی ئابوورییان هەر هێندەیە کە بەشی ژیانی خۆیان بکات نەک یارمەتی ئەوانی پێبدەن.
 
دایکی گەنجە خاوەنپێداویستیی تایبەتەکە دەڵێ: "خۆم بڕبڕەی پشتم هەموو خواربووە و گورچیلەشم ئەستوور دەبێت و بەکتریای گەدەشم هەیە، سوێند بە خودا دراوسێیەکان یارمەتیم دەدەن و جاری واش هەیە دوکاندارەکان دەزانن دۆخمان وایە هەندێک شت لە نێو زەرف دەکەن و دەماندەنێ و دەیخۆین چی بکەین سوێند بەخودا هەموو کاتێک برسی و تینووین، سوێند بە خودا منداڵم هەموو کاتێک لە برسان دەگری و نەخۆشیشە و نەچووەتە لای دکتۆر." 
 
ئەوەی ئەم ماڵباتە ئێستا پێیدەژین، 150 هەزار دینار مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتە و ئەو بڕە پارە کەمەی رۆژانەی کرێکاریی کوڕەکەیانە. کرێی خانووی ماڵەکەیان 180 هەزار دینارە و دەڵێن چوار مانگە کرێیان نەداوە. بە گوتەی ئەوان خاوەن خانووش ئێستا ئاگاداری کردوونەتەوە کە کرێ بدەن و خانووەکەی بۆ چۆڵ بکەن.