وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە رووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی هەینی، 21ی تشرینی یەکەمی 2022، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر، کوژرانی سەربازێکی وڵاتەکەی بەناوی جەمیل یاڤاش لە رووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لە ناوچەی زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
بەمەش، وەک لە راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 62 سەرباز.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی دوو گەریلای لە ناوچەی زاپ راگەیاند و دەڵێت، ئەو گەریلایانە بە هاوئاهەنگیی تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی میت و سوپای تورکیا کراونەتە ئامانج.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 19ی تشرینی یەکەمی 2022، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە کوژرانی شەش سەربازی سوپای تورکیای لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین راگەیاند و گوتی، سێ سەربازی دیکەش برینداربوون.
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 423 گەریلا و کوژرانی 62 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 124 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 144 گەریلای راگەیاندووە.