دەرچوویەکی زانکۆی کوردستان: پێش وەرگرتنی بڕوانامە، کارم دەستکەوت


رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 20-10-2022 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی زانکۆی کوردستان، ژمارەیەک دیپلۆمات، بەرپرس و کەسانی ئەکادیمی ئاهەنگی 12یەم خولی دەرچووانی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو.
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دەردەکەوێت فرمێسکی خۆشی و ئامێزی پیرۆزبایی سارا و دایکییەتی لە ئاهەنگی دەرچوونی سارا لە زانکۆ، سارا تەمەنی 25 ساڵە و خەڵکی دهۆکە، ئەو لە سکوڵی پزیشکی دەیخوێند و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
 
سارا ئیدریس، دەرچووی زانکۆی کوردستان دەڵێت، "بەڕاستی ئەوە بۆ من یەکەم دەستکەوتی گەورەیە، من شانازی بە خۆم و هەموو هاوڕێکانم دەکەم کە لەگەڵم بوون، دکتۆرەکانمان هەموو یارمەتییان دەداین، سوپاس بۆ خوا من شانازی دەکەم کە زانکۆی کوردستانم هەڵبژارد تاوەکو بتوانم خوێندنی خۆم تەواو بکەم".
 
رامانیش لەگەڵ هاوپۆلەکانی لەسەر کورسیی دەرچووانی زانکۆی کوردستان دانیشتووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ئەندازیاری نەوت پێبەخشرا.
 
رامان عەبدولعەزیز، دەرچووی زانکۆی کوردستان دەڵێت، "بە پلەیەکی زۆر زۆر نایاب خوێندنم تەواو کرد، پێش وەرگرتنی بڕوانامە توانیم کار بدۆزمەوە، چونکە من لە زانکۆی کوردستان تەواوم کردووە کە سیڤیمان دەبینن وەرماندەگرن، چونکە زانکۆکەی ئێمە لە هەموو زانکۆکانی دەوروبەر باشترە".
 
زانکۆی کوردستان جیا لەو زانستەی لە ساڵەکانی خوێندن دەیبەخشێتە خوێندکارەکانی، گرینگیدان بە ئامادەکردنی خوێندکارەکان بۆ بازاڕی کار و بوونە خاوەن بیرۆکەی کار لە کارە هەرە لە پێشینەکانی ئەم زانکۆیەیە، بە گوتەی سەرۆکی زانکۆ ٪95ـی دەرچووان کاریان دەستدەکەوێت.
 
د. کیس شارپ، سەرۆکی زانکۆی کوردستان دەڵێت، "گرنگترین شت ئەوەیە خوێندکارانی ئێمە زۆرترین داواکارییان لەلایەن خاوەنکارانەوە لەسەرە. پێموایە چەند هۆکارێک هەیە بۆ ئەمە، یەکێکیان ئەوەیە کە دەرچووانمان زۆر باش ئینگلیزی دەزانن، بەڵام لەوە زیاتر ئەوەیە کە زۆر ئاسان رادەهێنرین و زوو فێر دەبن و بەباشی دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن".
 
زانکۆی کوردستان لە ساڵی 2006 دامەزراوە و لە چوار سکوڵ پێکدێت کە بریتین لە سکوڵی زانست و ئەندازیاری- سکوڵی پزیشکی- سکوڵی کارگێری کار- سکوڵی زانستە مرۆییەکان.