پۆلیسی دهۆک 49 کەس بە تۆمەتی قومارکردن دەستگیردەکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، 21 کەسیان بە تۆمەتی قومارکردن و بەپێی ماددەی 389ی یاسای سزاکانی عێراق دەستگیرکردووە.
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رۆژانی رابردوودا 49 تۆمەتبار بە تۆمەتی جۆراوجۆری پەیوەست بە قومارکردن و کارئاسانی بۆ ئەو کارە دەستگیرکراون؛ 21 کەس لە ئەڤرو سیتی و لەلایەن تیمەکانی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکانی دهۆکەوە دەستگیرکراون؛ 17 تۆمەتباریش لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەرهەڵدانەوە دەستگیرکراون؛ بنکەی پۆلیسی نەورۆزیش دەستی بەسەر 9 لاپتۆپ و ژمارەیەک ئەدمیندا گرتووە کە سیستەمەکانی قومارکردنیان بەکارهێناوە؛ دوو تۆمەتباری دیکەش لەلایەن چالاکییە مەدەنییەکانەوە دەستگیرکراون".
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە بواری قوماردا کار دەکەن بەردەوام دەبێت؛ هەروەها هەڵمەتمان بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەش هەیە کە جادووگەری دەکەن، لەگەڵ ئەوانەش کە سواڵ دەکەن".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەو تۆمەتبارانە دانیان بە تاوانەکەی خۆیاندا ناوە و رایانگەیاندووە، قوماریان لەسەر سیستەم و پوکەر و تیمو و نەشرە کردووە.