مەسرور بارزانی: جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال تەنیا چارەسەرە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر هێڵن. ئاماژە بەوەش دەکات، "تەنیا رێگەی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگالە."
 
ئەمڕۆ شەممە 21-09-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمی دانانی بەردی بناخەی دووسایدی شێخان-لالش لە سنووری پارێزگای دهۆک گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "بەهۆی هەبوونی لالشی پیرۆزەوە ساڵانە هەزاران خوشک و برای ئێزدیی ئیمە و خەڵکی دیکە سەردانی ئەم دەڤەرە دەکەن. تەواوبوونی رێگەکە زەحمەتی و سەختیی سەردانیکەر و زیارەتکارانی لالش کەم دەکاتەوە."
 
مەسرور بارزانی گوتی، "ئەم دەڤەرە (شێخان-لالش) لە بواری ئابووری، کشتوکاڵ، گەشتیاری و شوێنەوارییەوە زۆر گرنگە، بەڵام لە هەموو شتێک گرنگتر ئەوەیە کە نموونەیەکی جوانی کولتووری پێکەوەژیانی کوردستانە."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "هەرچی لە دەستمان بێت درێخی ناکەین. هیوادارم خودای گەورە پشتیوانمان بێت کە لە هەموو دۆخێکدا بتوانین لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بەردەوام بین و سەرەڕای هەموو ئاڵنگاری و رێگرییەکان، ئەجێندای خۆمان بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکەین."
 
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، کوردانی ئێزدی سەرەڕای هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەریاندا هاتووە، بەردەوامن لە بەرگریکردن لە زمان، ناسنامە، کولتوور و ئایینەکەیان.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافی خوشک و برایانی ئێزدی و هەموو هەوڵێک دەدات لە پێناو زیاتر خزمەتکردنیان و کەمکردنەوەی ئێش و ئازاریان."
 
مەسرور بارزانی گوتیشی، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە هەوڵەکان بەردەوامن، "بە شێوەیەک کە گرووپی چەکداری بیانی و میلیشیا لە شنگال نەمێنن و ئیدارەی شنگالیش بکەوێتە دەستی خەڵکی رەسەنی دەڤەرەکە."
 
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و نەهێشتنی میلیشا و هێزە چەکدارە بیانییەکان "تەنیا بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەکرێت کە رێگە خۆش دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و دەوروبەری، تاوەکو هەموو ئاوارەکانی ئەم دەڤەرە بە سەربەرزی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان."
 
لە 3ی ئابی 2014، رێکخراوی داعش هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر شنگال و دەوروبەری. لە هێرشەکەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنکران و دوای هێرشەکەش ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە تشرینی یەکەمی 2020 رێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆکرد کە دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەزاکە یەکێک لە خاڵەکانی ئەو رێککەوتننامەیە بوو.