گوتەبێژی خوێندنی باڵا: بەراورد بە پار 19 هەزار دەرچووی پۆلی 12 زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت: ئەم ساڵ زانکۆلاین بە کۆمەڵێک نوێبوونەوە خراوەتە بەردەست قوتابیان، هەموو قوتابییەک لە زانکۆڵایندا ناو و ژمارەی نهێنی تایبەت بە خۆی هەیە، کە وردەکاری و تایبەتمەندییەکانی قوتابییەکەی تێدایە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئەیلوولی 2024، کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ زانکۆڵاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کارا کرا و بۆ ماوەی 10 رۆژ کارا دەبێت. 
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەی دەرچووانی پۆلی 12 لەم ساڵدا 55 هەزار و 720 قوتابین، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 19 هەزار قوتابی زیادیکردووە، بۆ ئەمەش پێویستە ئێمە وەک خوێندنی باڵا هەوڵی تەواو بۆ وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆر قوتابییە بدەین لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا."
 
گوتیشی: "ئەم ساڵ زانکۆلاین بە کۆمەڵێک نوێبوونەوە دەخرێتە بەر دەست قوتابیان، هەموو قوتابییەک ناو و ژمارەی نهێنی تایبەت بە خۆی هەیە، کە وردەکاری قوتابییەکەی تێدایە، یەکێکیش لە نوێبوونەوە گرنگەکان ئەوەیە، ئەگەر قوتابی کۆنمرەی 10 و 11ـی بەرز بێت بۆ هەژمار دەکرێت، ئەگەریش کۆنمرەکەی نزم بوو بۆی هەژمار ناکرێت. هەروەها وانەکانی کوردی و عەرەبیش ئارەزوومەندانەیە، ئەگەر کۆنمرەی پێ بەرز بێتەوە بۆی هەژمار دەکرێت ئەگەر نا هەژمار ناکرێت."
 
سەبارەت بە پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆڵاین، عەباس ئەکرەم گوتی: "پێویستە قوتابیان لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆڵاین و پێشکەشکردن پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن، لەبەر ئەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەهیچ شێوەیەک بەرپرس نییە لە هیچ هەڵە و کەموکوڕیەک، لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆڵاین لەلایەن سەنتەرە بازرگانییەکانەوە، ناوەندی راوێژکاری و سەنتەری تایبەت لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی کوردستان کراونەتەوە، کە رێنوێنی قوتابیان دەکەن کاتێک دەیانەوێت داواکاری پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی تووشی کەموکوڕی هەڵە نەبن، تەنانات هاوکاریشیان دەکەن لە پڕکردنەوەی فۆرمەکە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "وەزارەتی خوێندنی باڵا هەوڵ دەدات بۆ ئەم ساڵی خوێندن، زۆرترین دەرفەتی خوێندنی خۆڕایی بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان بڕەخسێنێت، هەروەها داشکاندن بۆ کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی ئەگەر قوتابییەک ئارەزووی شوێنێک بکات بەڵام چەند نمرەیەکی کەم بێت، ئەوا دەتوانێت داواکاری لە پارالێل پێشکەش بکات، کە ئەم ساڵ 45٪ داشکان بۆ خوێندنی پارالێل دەکرێت. هەروەها ساڵانە بەهۆی داشکان لە کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران، نزیکەی 70 ملیار دینار بۆ کەسوکاری قوتابیان دەگەڕێتەوە."