یەکشەممە ئەنجامى زانکۆلاین رادەگەیەندرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامی زانکۆلاین رادەگەیێندرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-09-2023) ئاشکرای کرد، رۆژى یەکشەممە 02-09-2023 لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا ئەنجامەکانى وەرگرتنى دەرچووانى 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (2023-2024) رادەگەیەندرێت.
بەپێ راگەیێندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، دواى راگەیاندنى ئەنجامەکانیش، لە 01-10-2023 دەستدەکرێت بە پرۆسەى خوێندنى قۆناخى یەکەم لە زانکۆکان، بۆیە پێویستە لەسەر وەرگیراوان لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکان راستەوخۆ پەیوەندی بە زانکۆکانیان بکەن بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆکانى کوردستان ئامادەکارى پێویست دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە وەرگیراوان.
لە 02-09-2023 زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی)، تاوەکو رۆژى 12ـی ئەیلوولی 2023 کاراکرا، دواتر بڕیاردرا ماوەکەی 48 کاژێری دیکە درێژبکرێتەوە.
لە زانکۆی دهۆک و سەلاحەدین لە 4ـی ئەیلوولی 2023 دەوامی زانکۆکان دەستیپێکرد، رۆژی 17ـی هەمان مانگ لە زانکۆی هەڵەبجە و ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولیش لە زانکۆی سلێمانی دەوامی فەرمی دەستیپێکرد. بڕیارە لە 01-10-2023 دەست بکرێت بە پرۆسەى خوێندنى قۆناخى یەکەم لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.