قوباد تاڵەبانی: بەبێ وەزیر ناتواندرێت چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەبێ بوونی وەزیری پێشمەرگە، ناتواندرێت پڕۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا جێبەجێ بکرێت".
رۆژی پێنجشەممە، 21-09-2023 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژەنەراڵ جۆول ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کۆبوەوە و گوتی، "هاوڕابووین لەسەر پێویستیی دەستبەکاربوونی وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت، تاوەکو بە بەهێزکردنی هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانان لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە بتوانین رووبەڕووی مەترسییەکان ببینەوە."
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "لەلایەکی دیکەوە بەبێ بوونی وەزیری پێشمەرگە ناتوانرێت پڕۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت".
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی عەربەتیشەوە دەڵێت، "باسمان لەوەکرد لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا هێزەکانی دژە تیرۆر هاوپەیمانێکی سەرەکی هێزی هاوپەیمانان بوون لە شەڕی دژە تیرۆردا؛ دووبارەبوونەوەی هێرشی لەم جۆرە مەترسییە بۆ سەر سەقامگیری هەموو ناوچەکە. هەربۆیە پێویستە هاوپەیمانان و حکومەتی عێراق لەپێناو سەقامگیری عێراق و ناوچەکە هەڵوێستی جیدی و هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە."
رۆژی چوارشەممە، 20-09-2023ش قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندێکی سەربازی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی کۆلۆنێڵ بۆڵینگەر کۆبووەوە و باسی لە پۆستی وەزیری پێشمەرگە کرد و گوتی، " باسمان لەوەکرد بەهۆی نەبوونی وەزیری پێشمەرگەوە هەنگاوەکانی چاکسازی وەک پێویست جێبەجێ ناکرێن. ئێمە کاندیدی خۆمان بۆ دانانی وەزیرێک بەوەکالەت دەستنیشان کردووە. هیوادارین بە زووترین کات رێوشوێنە یاساییەکانی دەستبەکاربوونی کۆتایی بێت تا جێبەجێکردنی پڕۆسەی چاکسازی بکەوێتەوە سەر رێڕەوی خۆی بەو جۆرەی کە پلانی بۆ دانراوە".