کتێبخانەی ڤیژن لە زانکۆی کاسۆلیکی هەولێر بە 20 هەزار ناونیشانی کتێبەوە کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشن بەر لە ساڵێک و دوو مانگ دەستی بە دروستکردنی کتێبخانەیەک لەو زانکۆیە کردووە؛ ناوی نراوە کتێبخانەی ڤیژن. لە کتێبخانەکەدا نزیکەی 20 هەزار ناونیشانی کتێب بەردەستن. 
 
ئێوارەی رۆژی 20ـی ئەیلوولی 2023، ڤیژن ئێجوکەیشن لەنێو زانکۆی کاسۆلیک رێوڕەسمی کردنەوەی کتێبخانەکەی رێکخست، پیاوانی ئایینی، بەرپرسان و خوێندکاران لە رێوڕەسمەکە ئامادەبوون. 
 
یوحەنا خوێندکاری قۆناخی سێیە لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەزانکۆی کاسۆلیک و یاریدەدەری سەرپەرشتیاری کتێبخانەی ڤیژنە؛ دوایین ئامادەکارییەکان دەکات بۆ کرانەوەی ئەو کتێبخانەیەی زیاتر لە سێ مانگە شەو و رۆژی خستۆتە خزمەتی. 
 
یوحەنا دەڵێت: "ئێمە پێیدەڵێین ماڵی ژیری و زانست. ئەم کتێبخانەیە بۆ خوێندکارانی ئێمە زۆر گرنگە چونکە هیچ شوێنێکمان نەبوو لێی بخوێنین زۆربەی کات لە کافتریای زانکۆ دەبووین کە شوێنێکی گونجاو نییە بۆ خوێندن، بەڵام لە کۆتاییدا ئێستا بووینە خاوەنی شوێنێکی شیاو بە خوێندنەوە." 
 
کتێبخانەی ڤیژن کتێبخانەیەکی گشتییە و هەموو کەس دەتوانێ سودی لێوەربگرێ. کتێبخانەی ئەلیکترۆنی بەشێکی سەرەکیی کتێبخانەکەیە. 
 
میوان دۆڵەمەری، نوێنەری کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشن دەڵێت، "پلانمان هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە پێداویستیی تایبەت بۆ زیاتر لە 500 قوتابخانەی حکومی دابین بکەین کە تێیدا راستەوخۆ زیاتر لە 65 هەزار قوتابی سودمەند دەبن، بێگومان هەموو ئەوانەش لەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئێمە وەکو کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشن بڕوا و دیدگامان وایە کە پێشخستنی وڵات و بەدیهێنانی گۆڕانکاریی ئەرێنی سەرەتا لە سێکتەری پەروەردە و خوێندنەوە دەستپێدەکات." 
 
د. نزار شەبیلە، سەرۆکی زانکۆی کاسۆلیک لە هەولێر دەڵێت، "زانکۆکەمان زانکۆیەکە کە پەیامەکەی پێکەوە ژیانە بەڕاستی پێکەوە ژیانی ئاشتییانە دەرفەت دەداتە هەموو هاووڵاتیان و هەموو کەسێک تاوەکو بواری رۆشنبیری و بواری خوێندن و پەروەردەیی پەرە پێبدات." 
 
لە دوای کردنەوەی کتێبخانەکە، میوانەکان لە نێو کتێبخانەکە گەڕان و لە وردەکارییەکانی ئەو کتێبخانەیە ورد دەبوونەوە.
مومتاز حەیدەریی نووسەر لەگەڵ خۆیدا وەک دیاری 20 دانە لە نوێترین و ئازیزترین ئەو کتێبانەی کە بەرهەمی خۆین پێشکەش بە کتێبخانەی ڤیژن کرد. 
 
مومتاز حەیدەری دەڵێت، "بە ئەرکم زانی ئەو دەستکەوتە گەورەیە ئێستا لە شاری هەولێر لە پایتەختی کوردستاندا کرایەوە و پێشکەش بە نەتەوەکەم کرا، دەبێت ئێمە بێین و پیرۆزباییان لێبکەین، و لە کوردەواریدا دەگوترێت، دیاریی شوان ئاڵاکۆکە، دیاری منیش کتێبە." 
 
کتێبخانەکە نۆ ژووری خزمەتگوزاری و هۆڵێکی کۆبوونەوەی هەیە کە جێگەی 180 کەسی تێدا دەبێتەوە. بە گشتی، کتێبخانەکە لە یەک کاتدا توانای لەخۆگرتنی 600 کەسی هەیە.