وەزارەتی شەهیدان: ساڵانە کرێی خوێندنی 5000 واریسی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەدەین


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساڵانی کرێی خوێندنی پێنج هەزار قوتابی واریسی شەهیدان و ئەنفالکراوان لەسەر ئەستۆ وەزارەتەکەیان خەرجدەکرێت. دەشڵێت، تەنیا لە ساڵی 2022دا 19 ملیار و 500 ملیۆن دیناری قەرزی خوێندنی ساڵانی رابردووی ئەو کەسانەیان داوەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 21-9-2022، عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوندییەکانی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ساڵی 2010ەوە ساڵانە کرێی خوێندنی پێنج هەزار کەس لە واریسی شەهیدان و ئەنفالکراوان کە بریتییە لە کرێی خوێندن و دەرماڵەی نیشتەجێبوون لە بەشە ناوخۆییەکان و کرێی هاتووچۆ خەرج دەکرد، بەڵام لە ساڵی 2020ەوە بەردەوام کرێی خوێندنیان لەسەر ئەستۆی وەزارەت پێدەدەین.
 
عادل مەلا ساڵح ئاماژەی بەوە دا، بە تەنیا ئەمساڵ بڕی 19 ملیار دینار و 500 ملیۆن دیناری قەرزی خوێندنی ساڵانی رابردووی ئەو قوتابییانەیان داوەتەوە.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوندەییەکانی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان، باسی لەوەش کرد کە لە ساڵی 2020یشەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەر بەشێک پێنج کورسیی تەرخانکردووە بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و هیچ کرێیەکیان لێ وەرناگیرێت.
 
ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەسەر پێشنیازى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ماوەى سێ ساڵە، لە هەر بەشێک لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و خوێندنى پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکان، پێنج کورسی بەخۆڕایى بۆ واریسى شەهیدان و ئەنفالکراوان تەرخاندەکرێت. 
 
ئەوانەشى لە سەرووى ئەم پێنج کورسییە وەردەگیرێن بەپێى رێنوێنیى وەزارەتى شەهیدان کرێى خوێندنیان بۆ خەرج دەکرێت. بۆ ئەمساڵیش لەسەر پێشنیازى وەزیرى خوێندنى باڵا بڕیارى دابینکردنى پێنج کورسیی خوێندن بەخۆڕایى بۆ هەر بەشێک بەردەوام دەبێت.