کرێچییەک لە هەولێر لەگەڵ ماڵەکەیدا 12 هەزار دۆلاری دەسووتێت و 'ناچار دەکرێ' خانووەکەش نۆژەن بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ماڵی پەنابەرێک لە هەولێر ئاگری گرت و سووتا و دەڵێت، 12 هەزار دۆلاری لە رووداوەکەدا سووتاوە. خاوەن خانووش "ناچار"ـی کردووە خانووەکە نۆژەن بکاتەوە. کۆمەڵەی کرێنیشینان پشتیوانی خۆی بۆ کرێچییەکە دەردەبڕێ.
رووداوەکە لە شاوێس روویداوە. خەبات عەبدولقادر، پەنابەرە، خەڵکی کۆبانێیە، دوای سووتانی ماڵەکەیان، ئێستا لەگەڵ دوو منداڵ و هاوژینەکەی لە ماڵی دراوسێکانیان دەمێننەوە.
خەبات عەبدولقادر، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "کاتی رووداوەکە هاوژین و منداڵەکانم لە ماڵ نەبوون، من لە گەرماو بووم. کاتێ هاتمە دەرەوە بینیم ماڵەکەم ئاگری گرتووە. ژمارەی خاوەن خانووم لا نییە، خانووەکەم لە نووسینگە بە کرێ گرت. خاوەن نووسینگە پەیوەندی بە خاوەنەکەوە کرد و گوتی دەبێ نۆژەنی بکەیتەوە."
خاوەن خانووەکە رەتیدەکاتەوە کرێچییەکەی ناچار بە نۆژەنکردنەوە کردبێ. هێرش خدر، لە بەرپرسیار، گوتی: "خانووەکە موڵکی ماڵی باوکمە و ئەوانیش لە خانووی کرێن، من ناچارم نەکردووە نۆژەنی بکاتەوە. قبووڵمان بووە کە رووداوەکە سرووشتی بووە. توانام نییە خەرجیی نۆژەنکردنەوەکە بگەڕێنمەوە."
رووداو کێشەی ئەو پەنابەرەی گەیاندە ئەنجوومەنی کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان. هۆزان عەفرینی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، بە رووداوی گوت: "ئەوە یەکەم حاڵەتە ببینین خاوەن خانوو داوای نۆژەنکردنەوە لە کرێچی بکات. توانامان نییە هاوکاری دارایی بکەین، بەڵام بەدواداچوون بۆ کێشەکە دەکەین، لەگەڵ خاوەن خانوو قسە دەکەین و کێشەکە دەگەیێنینە لایەنی پەیوەندیدار."
هەر رووداوێک ئەگەر "ئەنقەست بێ یان کەمتەرخەم"ـی کرێچی بێت و ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە خانوو، ئەوا خاوەن خانوو مافی هەیە داوای نۆژەنکردنەوە بکات.
سەرهەنگ خۆشناو، پارێزەر، لە بەرپرسیار، گوتی: "لە رووی یاساییەوە بەهیچ شێوەیەک خاوەن خانوو بۆی نییە خانوو بە کرێچی نۆژەن بکاتەوە، تەنیا ئەگەر خاوەن خانوو بیسەلمێنێ کرێچی کەمتەرخەمە یان رووداوێکی ئەنقەستە."
کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافی کرێنشین، ئامادەیی خۆیان بۆ پشتیوانیکردنی خەبات عەبدولقادر، راگەیاند. کارزان رەسول، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەکە لە بەرپرسیار گوتی: "خاوەن نووسینگە بەهیچ شێوەیەک ناتوانێ زۆر لە کرێچی بکات. خەبات بابێتە کۆمەڵەکەمان کێشەکانی بۆ چارەسەر دەکەین، ئەگەر کێشەکە بگاتە دادگە ئامادەین پارێزەری بۆ بگرین."
جەدعان یووسف، بەرپرسی نوێنەرایەتیی ئەنەکەسە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هاوکاریی خەبات دەکەین بۆ بەدواداچوونی کێشەکەی، سەردانمان بکات لە هەولێر."
ئەو ماڵباتە چوار ساڵە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام بە گوتەی خەبات جگە لە سووتانی ماڵەکەی، بڕی "12" هەزار دۆلار لە ماڵەکەی سووتاوە.