ئاگری دارستانەکانی مەریوان کۆنترۆڵکرا


رووداو دیجیتاڵ

ئاگری دارستانەکانی مەریوان کوژێندرایەوە. بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە دەڵێت، 55 هێکتار لە رووبەری دارستانەکە سووتاوە. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی ئابی 2024، بەهزار شەریفی پوور، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئاگری دارستانەکانی ناوچەی باشماخی مەریوان کە لە رۆژی هەینییەوە کەوتبووەوە، کاژێر 06:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە کۆنترۆڵ کرا.
 
بەهزار شەریفی گوتی، 40 کەس لە تیمەکانی سەرچاوە سرووشتییەکان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بەشداربوون، هەروەها بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە هێلیکۆپتەریش بەکارهێندرا.
 
بە گوتەی شەریفی پوور، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکە 55 هێکتار لە دارستانەکانی ناوچەکە سووتاون.
 
لە دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی، 16ـی ئابی 2024ـەوە ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی نێوان گوندەکانی باشماخ، بایەوە و ساوای مەریوان کەوتەوە و چەندین رۆژ بوو ژینگەپارێزان و خەڵکی خۆجێیی ناوچەکە هەوڵی کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی دەدا.
 
ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان رۆژی 20ـی ئاب رایگەیاند، 100 کەس لە ژینگەپارێزان و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لە هەڵمەتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بەشدارن.
 
ئەنجوومەنە پێشتر رایگەیاندبوو، دارستانەکانی ناوچەی باشماخ، بایەوە و ساوای مەریوان بە ئەنقەست ئاگریان تێبەردراوە و لە بانگەوازێکدا داوای یارمەتی لە ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە کردبوو.