لە رووها دوو برا لە کەناڵێکی ئاودا بێسەروشوێن بوون


رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی حەڕڕان سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، دوو برا کە خەڵکی سووریان، لەنێو کەناڵێکی ئاودا بێسەروشوێن بوون. 
 
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 20ـی ئاب لە گوندی "بیوک توربە" روویدا. یوسف حەمادیی تەمەن 12 ساڵ لەگەڵ عیسای برای کە تەمەنی 16 ساڵە، بەمەبەستی خۆ فێنککردنەوە چوونەتە نێو ئاوی کەناڵەکە کە بۆ ئاودێری بەکاردێت و دوای ماوەیەک ونبوونە. 
 
دوای ئەوەی خەڵکی دەوروبەر تێبینیی دۆخەکەیان کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردەوە، تیمەکانی ئافاد، تەندروستی، جەندرمە و تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری جەندرمە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون. 
 
درەنگی ئێوارە تیمەکان بەهۆی تاریک داهاتن، هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردنیان بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە وەستاند. چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە، 21 ـی ئاب هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو برایە دەستپێبکەنەوە.