لە دوو پارێزگای باکووری کوردستان لافاو دروستبوو
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە بەشێکی پارێزگاکانی وان و ئاگریی باکووری کوردستان بارانی بەخوڕ باری و لە هەندێک شوێن لافاو دروست بوو.
لە شارۆچكەی گیادین سەر بە پارێزگای ئاگری، بەهۆی لافاوەوە زەوییە کشتوکاڵییەکان ژێرئاو کەوتن و لە شارۆچكەی دووتاخێی هەمان پارێزگاش بەشێك لە رێگەکان تێکچوون و بەشێكی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەوێش ژێرئاو کەوتن.
لە چوار گوندی سەر بە شارۆچكەی ئەردیش و سەراڤێش لە سنووری پارێزگای وان بارانبارینی زۆر بووە هۆی دروستبوونی لافاو و لە ئەنجامدا پردەکانی ئەو چوار گوندە، تێکچوون و زیان بە زەوییە کشتوکاڵییەکانیش کەوت.
زیاتر لە یەک مانگە لە بەشێكی پارێزگاکانی باکووری کوردستان بارانبارین بەشێوەی پچڕ پچڕ هەیە و لە چەند پارێزگایەکیش دروستبوونی لافاو زیانی گیانی و ماڵی لێکەوتووەتەوە.
کەشناسیی تورکیا بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی تەمموز هۆشداریی بارانبارینی لە 17 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا داوە و، داوای لە هاونیشتمانی و هاووڵاتیان کردووە لە ئەگەری دروستبوونی لافاو، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.