لەسەر لەوەڕگەیەک لە بانە شەڕ دروست دەبێت و نزیکەی 10 کەس بریندار دەبن


رووداو دیجیتاڵ

لەسەر لەوەڕگە شەڕ لەنێوان دانیشتووانی دوو گوندی سەر بە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا و نزیکەی 10 کەس بریندار بوون.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 20-07-2023، جارێکی دیکە شەڕ لەنێوان دانیشتووانی گوندەکانی سەدبار و سیوچ سەر بە شاری بانە روویداوە و بەهۆیەوە نزیکەی 10 کەس لە دانیشتووانی سیوچ بریندار بوون.
 
شەڕەکە لەسەر خاوەندارێتیی ناوچەی کوێستانی مەیدانان بووە، کە دەکەوێتە نێوان دوو گوندەکە و لە کۆنەوە ناکۆکییان لەسەری هەیە.
 
دوای گرژییەکە، ئاگر لە لەوەڕگەکانی پشتی سەدبار بەرەو گوندی سیوچ بەردراوە و دوای چەند کاژێر بە هەوڵی خەڵکی ناوچەکە و ژینگەپارێزان کۆنترۆڵ کراوە. دانیشتووانی گوندی سەدبار دەڵێن، خەڵکی سیوچ ئاگریان لەو لەوەڕگەیە بەرداوە و ئەوانیش رەتیدەکەنەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، دوای رووداوەکە، هێزەکانی پۆلیس چوونە شوێنەکە، بەڵام کەس دەستبەسەر نەکراوە.
 
دانیشتووانی گوندەکانی سەدبار و سیوچ چەندین ساڵە لەسەر خاوەندارێتیی سەرچاوەی ئاو و لەوەڕگەی ناوچەی مەیدانان کە دەکەوێتە نێوان ئەو دوو گوندە ناکۆکییان هەیە و تاوەکو ئێستا چەندینجار شەڕی لێکەوتووەتەوە. 
 
مانگی شەشی ساڵی 2020 بەهۆی شەڕی نێوان دانیشتووانی سەدبار و سیوچ زیاتر لە 20 کەس بریندار بوون.