دوای نزیکەی 30 ساڵ کۆنسێرتێکی میوزیک و گۆرانی لە چۆمان رێکخرا

 
رووداو - چۆمان

پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق، فێستیڤاڵێکی میوزیکی لە چۆمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ قایمقامیەت و ناوەندی کولتووریی چۆمان سازکرد. لە فێستیڤاڵەکەدا هاونیشتمانییان لە پارکێکی بچووکی شارەکە ئامادەبوون و ژمارەیەک بەرهەمی میوزیکی و گۆرانی پێشکێشکران.
 
مینا بازرگان، لە پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "ئەم فێستیڤاڵە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی چۆمان و سێڤ گالەری و فێرگەی فرێمینگ پێشکێش دەکەین، هەروەها بە هاوکاریی ناوەندی کولتووریی چۆمان، ئامانجمانە میوزیکژەنی گەنج و میوزیکژەنی کورد لە هەموو شارەکانی کوردستان میوزیک پێشکێش بکەن."
 
زیاتر لە 25 بەرهەم لەلایەن 40 میوزیکژەنی کورد پێشکێشی ئامادەبووان کران. خەڵکی ئەو ناوچەیە کە سرووشتی جوانیان هەیە و گوێچکەکانیان بە نۆتەکانی گڤەی با و هاژەی رووبار و جریوەی باڵندە کاس بووە، بەردەوام دڵیشیان بۆ میوزیک لێدەدات.
 
30 ساڵ دەبێت لەو شارە هیچ کۆنسێرتێکی میوزیک و گۆرانی رێکنەخراون، بەڵام لەو ئارەزووە کەم نەبووەتەوە کە کچ و کوڕی ئەو شارە بۆ میوزیک و گۆرانی هەیانە و دەیانەوێت ئەم چالاکییە هونەرییە نۆبەرەی چالاکیی دیکەش بێت.
 
هاوکار حەسەن، هاونیشتمانی ئاماژەی بەوە کرد، "پێموایە چۆن شوێنەکان پێویستیان بە هەوای تازەیە، کاتەکانیش پێویستیان بە ئومێدی تازەیە، مرۆڤیش پێویستی بە میوزیکی تازەیە."
 
ئاراس ساڵح پێیوایە میوزیک و سرووشت هەردووکیان بەیەکەوە جوانن و هەردووکیشیان تێرکەری رۆحی مرۆڤن. شەیما رەسوولیش دەڵێت، سرووشتی باڵەکایەتی خۆی جوانە، ئەگەر میوزیک و هونەرەکانی دیکەی بێتە ناو، جوانتر دەبێت.
 
گرووپی میوزیکی 12 جاز و میوزیکژەنانی گرووپی یەسنا بە پێشکێشکردنی چەند ئاوازێک جۆش و خرۆشیان خستە نێو ئامادەبووان. میوزیکژەنانی چۆمانیش دوا بڕگەی چالاکییەکانی ئەو فێستیڤاڵەیان بەرکەوت و دوو ئێوارەی چۆمانیان لەگەڵ نۆتەی ئاوازەکانیان ئاوێتە کرد.
 

چالاکییەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی هێلان سازکرا کە ماوەی سێ ساڵە لەلایەن پەیمانگەی گۆتە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فێرگەی فرێمینگ و گەلەری سێڤ سازدەکرێت.