کۆمەڵە تووشی لێکترازان بوو و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان راگەیێندرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تووشی لێکترازان بوو و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان راگەیێندرایەوە.
نزیکەی حەوت مانگ دوای یەکگرتنەوەی هەردوو لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان شەوی سێشەممە، 20-06-2023، رایانگەیاند، یەکگرتنەوەیان شکستی هێناوە و لەمەودوا بە ناوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن.
لەو راگەیێندراوەدا کە بە ناوی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "بەهۆی بەڕێوەنەچوونی رێککەوتنەکان و لادان لە ئامانجەکانی یەکگرتنەوە و ناکۆکیی سیاسی، پڕۆسەی یەکگرتنەوە بە سەرەنجام نەگەیشت."
لە راگەیێندراوەکەدا بەرپرسانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەوە تۆمەتبار کراون کە سیاسەتی هەڵە و دوور لە خواستەکانی خەڵکی کوردستانیان گرتووەتەبەر و لە بەرژەوەندییە گشتییەکانی کورد لایانداوە.
عومەر ئیلخانیزادە، سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پێش یەکگرتنەوە کە دواتر بووە جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، لەگەڵ ئەو کەسانەدا نییە کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانیان راگەیاندووەتەوە.
ئەمجەد حوسێن پەناهی لە فەرماندە سەربازییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانە ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-6-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمیتەی ناوەندی حیزبەکەیان کۆبووەتەوە و عومەر ئیلخانیزادەیان لە سکرتێری ئەو حیزبە لاداوە.
بەرپرسێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە یەکگرتنەوە لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ پاشگەز بوونەتەوە. ئەو بەرپرسەی کۆمەڵە دەشڵێت، ژمارەیەکی زیاتر لە ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پابەندی یەکگرتنەوەن و لەگەڵ ئەو کەسانەدا نین کە لە حیزبەکە جیابوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شەوی سێشەممە بەوهۆیەوە گرژی کەوتووەتە نێوان بەشێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و عومەر ئیلخانیزادە لە بارەگای بانەگەورەی نزیک سلێمانی.
سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاندووە، ماڵەکەی عومەر ئیلخانیزادە گەمارۆ دراوە، بەڵام کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رەتیدەکاتەوە.
ئەمجەد حوسێن پەناهی بە رووداوی راگەیاند، "عومەر ئیلخانیزادە بە هێزەوە هەڵیکوتاوەتە سەر ئۆردوگاکەمان لە بانەگەورە و بەرپەرچی دراوەتەوە و رێگەی پێنەدرا ئەو کارە بکات و هیچ بارەگایەک کۆنترۆڵ بکات. ئێستا عومەر ئیلخانیزادە لە بانە گەورەیە و دەستبەسەر نییە، بەڵام هێزێکی زۆری ئاسایشی هێناوەتە بانەگەورە و دەیەوێت بە هێز دەسەڵات بسەپینێت".
تاوەکو ئێستا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەبارەی لێکترازانی نێو حیزبەکە هیچی رانەگەیاندووە.
ئەو دوو لایەنەی کۆمەڵە رۆژی 27-11-2022 راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا رایانگەیاند، جیایی زیانی پێگەیاندوون و لەمەودوا لەژێر ناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا کار و چالاکی دەکەن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ساڵی 2007 لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران جیابووەوە و لەو ماوەیەدا عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری گشتیی حیزبەکە بوو.