پەنابەران لە کەمپی کەورگۆسک گلەییان لە کەمیی خزمەتگوزاری هەیە: پێنج رۆژ جارێک ئاو دێت
رووداو - هەولێر
پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان لە کەمپی کەورگۆسک گلەییان لە کەمی و نەبوونی خزمەتگوزاری هەیە، ژنێک لە کەمپەکە دەڵێت، بێ ئاوی ژیانی لێ تەنگ کردوون.
نەجاهـ لە پلەی گەرمیی سەرووی 40ی سیلیزی تەنیا کەمێک ئاوی بۆ دەستشوشتن و کارپێکردنی فێنککەرەوەی دووکانەکەیان بۆ تەواوی رۆژەکە هەیە، ئەو خەڵکی دێرکی رۆژئاوای کوردستانە و ماوەی 10 ساڵە خۆی و حەوت ئەندامی خێزانەکەی پەنابەرن لە کەمپی کەورگۆسک.
نەجاهـ ئیبراهیم، پەنابەری رۆژئاوای کوردستان گلەیی زۆری هەیە و دەڵێت، "ئاو لە چوار بۆ پێنج رۆژ یەک جار بەریدەدەنەوە، دوێنێ شەو ئاو هات تانکییەکانمان نیوە بوون و پڕ نەبوون، ئێ تاوەکو سێ بۆ چوار رۆژی دیکە چۆن بەرگە بگرین؟ ماڵە، دووکانە، کەلوپەلەکانمان هەمووی خراپ بوون، فێنککەرەوەکەمان زۆرجار بێ ئاو کارپێدەکەین."
لە کەمپی کەورگۆسک 1718 خێزان دەژین، چوار بیری ئاو هەیە و شەش ساڵ بەر لە ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان دوو تانکیی پلاستیکی داوە بە هەر ماڵێک کە قەبارەکانیان گەورە نین و پێویستیی خەڵکەکە پڕناکاتەوە.
عەبدولڕەحمان محەممەد، پەنابەر لە کەمپەکە ئاماژە بەوە دەکات، "چوار رۆژ بوو ئاو نەهاتبوو، رۆژی هەینی چووم تانکییەک ئاوم بە حەوت هەزار دینار کڕی؛ بە تەنیا نەبووم، سوێند بە خوا ئێمە نۆرەمان گرتبوو بۆ تانکەری ئاوەکە تاوەکو تانکەرەکە ئاومان بۆ بهێنێت، ئێمە لێرە، کوردی سووری، بێ خاوەنین و کەسمان نییە، هەریەک بۆ خۆی دانیشتووە و کەس نایەت و گوێمان بۆ ناگرێت."
دایە ئاسیا و دایە سەفیا بە دڵی پڕەوە باسی سەختیی ژیانی پەنابەرانیان بۆ پەیامنێری رووداو کرد. ئاسیا حوسێن، پەنابەر دەڵێت، "گوتوویانە نەخۆشی هەیە، ئاخر دایە نەخۆشیی چی هەبێت لە کاتێکدا لە هەفتەیەکدا یەک جار ئۆتۆمبێلی زبڵ دێت، وەڵڵا زۆر زۆر ماندووین، سوێند بە خوا ئەو زەخیرەی دەیاندا کە کەمیش بوو، بەڵام خەڵک بۆی باش بوو سوێند بە خوا ئەویشیان لە خەڵک بڕی."
بە گوتەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا و رووسیا، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکارییەکانیان لە هەرێمی کوردستان بۆ پەنابەران زۆر کەم کردووەتەوە.
ئیبراهیم سەمین، جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، "ئاژانسەکانی UN بەوپێیەی فۆکەسیان لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق کەم بووەتەوە، رێژەی هاوکارییەکانیان بۆ پەنابەران کەمکردووەتەوە، دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین کە حکومەتی عێراق هیچ هاوکارییەک لە هەرێمی کوردستان پێشکێش بە پەنابەران ناکات."
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 250 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان هەن کە 30%یان لە 10 کەمپدا نیشتەجێن.