سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: گەشبینین هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، یەکێتی رێگەنادات بەو یاسایەی ئێستا، هەڵبژاردن بکرێت، ئاماژە بەوەش دەکات "ئەگەر ئەو وردەکارییانەی ماون تەواو بکرێن، دەتوانین لە ماوەیەکی کەمدا پڕۆژەیەکی باش بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشکێش بکەین".
 
رۆژی یەکشەممە 21-5-2023 شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە و چاوەڕوان دەکرێت ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو پارتبەتایبەتی لەسەر پرسی کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمان، گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
 
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی "پێشتر ساردوسڕی لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیدا هەبوو، بەڵام ئێستا نزیکبوونەوەی باش هاتووەتە ئاراوە و لەسەر ئاستی حیزبییش گفتوگۆکان بەردەوامن"؛ گوتیشی: "پێویستە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن بۆ ئەوەی بتوانین خاڵە ناکۆکان تێپەڕێنین و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن دەستیان پێ بکرێت".
 
رۆژی 26-03-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد؛ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوای لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد، هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت.
 
سەبارەت بە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی، "ئەگەر ئەو وردەکارییانەی ماون تەواوبکرێن، دەتوانین لە ماوەیەکی کەمدا پڕۆژەیەکی باش بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشکێش بکەین"، جەختیشیکردەوە، کە "یەکێتی بە هیچ شێوەیەک رێگەنادات بەو یاسایەی ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام گەشبینم کە بتوانین بگەینە رێککەوتن و هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت".
 
زیاد جەبار گوتیشی "ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن رێکبکەون، ئەوە رەنگە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نەدات و دەرفەتێک بدات بۆ ئەوەی گرفتەکان چارەسەر بکرێن".
 
لەبارەی پێشنیازی دابەشکردنی هەموو کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر چوار بازنەدا، زیاد جەبار گوتی "ئەوە پێشنیازێکە هاوشێوەی ئەو سیستەمەیە لە عێراق پەیڕەو کراوە و، ئەگەر هەر شوێنێک هەبێت پێویستی بە پێدانی کورسیی کۆتاکان بێت، یەکێتی گرفتی نییە".
 
رۆژی 11-05-2023 سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانیدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە؛ داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ـی ئەم مانگە بکرێت بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن".