وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی سەربازێکیان لە هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێت


رووداو هەولێر

سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێکی دیکەیان لە ئۆپەراسیۆنی چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماریی فەرمیی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەردا رایگەیاند، سەربازێکیان بەپلەی عەریفی شارەزا بەناوی توناهان ئەرباشی گیانی لەدەستداوە کە یەکێک بووە لەو سێ سەربازەی رۆژی 13ـی ئایاری ئەمساڵ لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە ناوچەی زاپ بریندارببوو. 
 
بەمەش، وەک لە راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگرییدا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 13 سەرباز. 
 
رۆژی 29ـی نیسانی 2022 وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەیان بەسەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیشتووە. ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی پەکەکە دەستی پێکردووە، بە سەرکەوتنێکی گەورە بەو شێوەیەی پلانی بۆ دانراوە، بەردەوامە.
 
ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە-ش دەڵێت، بەرخودانی گەریلا رێگرە لەوەی سوپای تورکیا پێشڕەوی بکەن و گورزی بەهێزیان لێدراوە. 
 
بەرەبەیانیی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیان لەدەستدانی 92 گەریلا و کوژرانی 13 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە. لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی 463 سەربازی تورکیا و گیان لەدەستدانی 25 گەریلا و پچڕانی پەیوەندیی بە دوو تیمی گەریلا راگەیاندووە.