بەغدا داوای رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێمی کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، عێراق بە مەرجی رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نا نەوتی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچە.
 
پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە زۆر دیدار لە ئەمریکا باسکراوە. د. فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، بەشدار بوو.
 
د. فەرهاد عەلائەدین گوتی کە "پێویستە هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەژماری بانکی بکەنەوە لەو بانکانەی دیاریکراوە، ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت بەو مەرجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی."
 
دادگەی فیدراڵی بانکەکانی دیاریکردووە بۆ ناردنی مووچە، راوێژکارەکەی سوودانی دەڵێت، "بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت کە بانکی دیکەش هەیە، ئەوە نابێتە گرفتێکی گەورە و دەکرێت چارەسەر بکرێن."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 13-04-2024 بە سەرۆکایەتیی شاندێک چووە ئەمریکا؛ لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا؛ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا؛ برێت مەکگۆرک، راوێژکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە. 
 
لە سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا کراوە. فەرهاد عەلائەدین، دەڵێت، لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا "باس لە هەناردەکردنەوەی نەوت کرا."
 
د. فەرهاد عەلائەدین پێیوایە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا گرنگە، "بە تایبەت کە لە ئەمریکا هەڵبژاردن بەڕێوەیە. چونکە هەناردەکردنەوەی نەوت هۆکار دەبێت بۆ دابەزینی نرخی نەوت، نرخی نەوتیش دابەزێت، نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی ئەمریکا دادەبەزێت."
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، بەرپرسانی ئەمریکا "زۆر پرسیاریان کرد لەبارەی چۆنێتی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی تورکیا."
 
لەبارەی هۆکاری هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی بەوەکرد: "کۆمپانیاکان ئامادە نین دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت، داوای گەڕانەوەی ئەو قەرزە دەکەن لای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی سێ ملیار دۆلارە، کۆمپانیاکان داوایانکردووە ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت راستەوخۆ پارەی نەوتەکە بە خۆیان بدرێت."
 
د. فەرهاد لە کۆبوونەوەی شاندی عێراق لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بەشداربوو؛ دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا ئاگاداری زۆر بابەتی پەیوەست بە وڵاتانە، "ئەو بابەتانە لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەوە بۆی ئامادە دەکرێت. جۆ بایدن خۆی زۆر بە وردی ئاگاداری بارودۆخی عێراقە و پێشتر کاری زۆری لەسەر کردووە."
 
جەختیکردەوە، لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمریکا باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان نەکراوە.
 
لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریکاش بۆ دیاریکردنی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش چەند جارێک کۆبوونەتەوە. 
 
لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی ئەو لیژنە لاوەکییە کراوە کە لە کانوونی دووەمی 2024ـەوە دەستبەرکاربووە و کاری هەڵسەنگاندنە بۆ هەڕەشەکانی داعش، ژینگەی ئۆپەراسیۆنەکان، رەوشی ئەمنی و توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق.