زانکۆی سلێمانی بۆ خوێندکارانی قۆناخی کۆتایی: ئاهەنگ و رازاندنەوەی مێز قەدەخەیە
رووداو دیجیتاڵ
سبەی رێوڕەسمی وێنەگرتنی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانییە. یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران دەڵێت، خوێندکاران جگە لە وێنەگرتن ناتوانن هیچ چالاکییەکی دیکە بکەن.
رۆژی یەکشەممە 21-04-2024 د.پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وێنەی دەرچوون ناوی بە خۆیەتی و تەنیا وێنەگرتنە، بەڵام بەشێک لە خوێندکاران فێربوون کۆمپانیایان دەهێنا بۆئەوەی شوێن دیاری بکەن و مێزیان بۆ بڕازێننەوە."
سبەی ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دەستپێدەکات و تاوەکو دوو هەفتە بەردەوام دەبێت. یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی دەڵێت، خوێندکاران تەنیا وێنەی دەرچوون بگرن و رێگە نادرێت هیچ کەسێک ئاهەنگێکی دیکە بکات.
د. پێشڕەو حەمەجان باسی هۆکاری بڕیارەکە دەکات و دەڵێت، "بڕیارەکە بۆ کەمکردنەوەی خەرجیی کەسوکاری خوێندکار، پاکڕاگرتنی نێو زانکۆ، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی زانکۆیە، چونکە بەهۆی قەرەباڵخییەوە نێو زانکۆ پیس دەکرا و شەڕیش دروست دەبوو."
زانکۆکە بەو بڕیارەی دەیەوێت "جیاوازیی چینایەتی لەنێوان خوێندکاران نەمێنێت،" ئەمەش وەکو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکە باسی کرد.
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە ئاگادارکردنەوەیەک بۆ خوێندکاران لەبارەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەرچوونیان دەڵێت، "ئامانج لەم چالاکییە تەنیا گرتنی وێنەی دەرچوونە، نەک ئاهەنگ و سەیران و دیاری بەخشینەوە و نمایشکردنی ئۆتۆمبێل، وێنەگرتنەکەش تەنیا لە ماوەی یەک کاژێر دەبێت."
بەپێی ئامارەکانی زانکۆی سلێمانی، ساڵانە زیاتر لە 5000 خوێندکار لەو زانکۆیە دەردەچن.