لە یەکەم رۆژی جەژندا جووڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران رادەگیرێت و هاتووچۆی گەشتیاران بەردەوام دەبێت


رووداو دیجیتاڵ 

جووڵەی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا رادەگیرێت و تەنیا هاتووچۆی گەشتیاران رێگەپێدراوە، بەڵام لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە هاتووچۆی گەشتیاران و جووڵەی بازرگانیش بەردەوامە. گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێت، "لە رۆژی یەکەمی جەژنەکانی رەمەزان، قوربان و نەورۆزدا هاتووچۆی بارزگانی رادەوەستێت." 
 
رۆژی هەینی 21-4-2023، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر لەبارەی هاتووچۆی گەشتیاران و جووڵەی بازرگانی لە دەروازەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی رێککەوتنی نێوان پارێزگاری ورمێ و پارێزگاری هەولێر، لە یەکەم رۆژی جەژنەکانی رەمەزان و قوربان و نەورۆزدا جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکەدا رادەوەستێت و تەنیا هاتووچۆی گەشتیاران رێگەپێدراوە؛ بۆیە ئەمڕۆ جووڵەی بازرگانی لە دەروازەکەمان وەستاوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی باشماخ، کە یەکێکە لە دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هاتووچۆ و جووڵەی بازرگانیی لەو دەروازە سنوورییەوە لەگەڵ ئێران دەڵێت، "ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتییانی بەڕێز و خۆشەویست دەکەین کە تەنها لە یەکەم رۆژی جەژندا کاروباری بازرگانی و گومرگی بۆ ماوەی 24 کاژێر رادەگیرێت و دووەم رۆژی جەژن کاروبار ئاسایی دەبێتەوە و هاتووچۆی گەشتیاریش بەهیچ شێوەیەک راناگیرێت؛ هاتووچۆی گەشتیاری 24 کاژێر لە جەژن و پشووەکانیشدا بەردەوامە و کراوەیە." 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو داخستنەی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران بۆ جووڵەی بازرگانی، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران دەگرێتەوە.
 
هەرچی پەیوەستە بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوەیە، کە تاکە دەروازەی نێودەوڵەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایە و دەکەوێتە پارێزگای دهۆک، جووڵەی بازرگانی و هاوردە و هەناردەکردن بەردەوامە و گەشتیارانیش لە رۆژانی پشوودا هاتوچۆ دەکەن و هیچ راوەستانێک نییە.
 
ئەمڕۆ هەینی 21-4-2023، لە هەرێمی کوردستان یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە کە ماوەی سێ رۆژ دەبێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەو سێ رۆژەی کردووەتە پشوو.
 
جگە لە دەروازە نافەرمی و نیمچە فەرمییەکان، هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتی هەیە؛ سێ دەروازەی لەگەڵ ئێراندان کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێرن؛ هەروەها دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگای دهۆک لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا.