لە سنووری کەرکووک لە بازگەیەکی هێزە عێراقییەکان رێگری لە فەرماندەیەکی پێشمەرگە کرا


رووداو دیجیتاڵ 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، لە کاتی گەڕانەوەی لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە سنووری کەرکووک عەمید سەباح پشدەری، فەرماندەی لیوای شەشی هێزەکانی پێشمەرگە لە بازگەی "کەلی سمایل بەگ"ی سەر بە هێزە عێراقییەکان رێگری لێکرا. 
 
سەرچاوەیەک لە بازگەکە بە رووداوی راگەیاند، "ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە بە هەڵە بە بازگەیەکی هێزە عێراقییەکان تێپەڕیوە لە رێگەی نێوان چەمچەماڵ و شوان، دواتر لە بازگەی دووەم لە کەلی سمایل بەگ کە دەکەوێتە نێوان شوان - تەقتەق رێگری لێکراوە." 
 
سەرچاوەکە گوتیشی، "بەو پێیەی سەنگەری هێزەکانی پێشمەرگە نزیکن لە بازگەکەوە، ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی لیوای شەش هاتوونەتە نێو بازگەکەوە، بەڵام دوای کاژێرێک و ئاگادارکردنەوەی فەرماندە باڵاکانی هەردوو هێزی پێشمەرگە و سوپا لە ناوچەکە، رێگە بە تێپەڕبوونی فەرماندەکەی پێشمەرگە دراوە و هەردوو هێزەکە کشاونەتەوە بارەگاکانی خۆیان."