بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناسنامەی بکوژی ئەو چوار کوردە ئاشکرا دەکات کە لەسەر هەڵکردنی ئاگری نەورۆز کوژران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان ناسنامەی ئەو کەسەی بڵاوکردەوە، کە ئێوارەی دوێنێ بەهۆی هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لە شارۆچکەی جندرێس چوار هاونیشتمانیی کوردی کوشت، سەرباری سەرکۆنەکردنی رووداوەکە، بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات لەئاست تاوانەکە بێدەنگ نەبن.
رۆژی سێشەممە 21ـی ئاداری 2023 (نەورۆزی 2723ـی کوردی) بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی ئێوارەی رۆژی دووشەممەی شارۆچکەی جندرێس بڵاوکردەوە، کە بەهۆیەوە چوار هاونیشتمانی لەلایەن ملیشیای ئەحرار شەرقییەی نزیک لە تورکیاوە کوژراون.
لەو راگەیێندراوەدا هاتووە "ئێمە، لە ئەنجوومەنی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هەواڵی شەهیدبوونی چوار هاووڵاتیی کوردی سووریامان پێگەیشت، کە لەکاتی گوزارشتکردن لە خۆشییەکانیان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز لە جندرێسی داگیرکراوی دەستی ستەم و تاوانکاریی بەکرێگیراوانی بەناو سوپای نیشتمانی و گرووپی ئەحرار شەرقییەی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و لەسەر دەستی تاوانبار ئەبو حەبیبەوە شەهید کراون، کە سەلماندی تووندڕەوی مەزهەبی هەموو ناپاکێکی مرۆڤایەتی و رەوشتە".
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان سەرکۆنەی ئەو تاوانەی کردووە "کە لە رقبەرایەتیەوە سەریهەڵداوە"، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، لەئاست رووداوەکەدا بێدەنگ نەبن و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکە بکەن.
هەروەها داوا دەکات: "سنوورێک بۆ داگیرکاریی تورکیا بۆ خاکی سووریا بەگشتی و خاکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەت دابنرێت".
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین دراونەتە رووداو، ئێوارەی دووشەممە 20-03-2023 گرووپی ئەحرار شەرقییە کە سەر بە ئۆپۆزیسۆنی سووریان، لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا، تەقەیان لە هاونیشتمانییانی کورد کردووە.
بەهۆی تەقەی گرووپەکەوە چوار کەسی یەک خێزان بەناوەکانی: فەرحەدین عوسمان تەمەن 43 ساڵ، محەممەد عوسمان 42 ساڵ، نەزمی عوسمان 38 ساڵ و محەممەد فەرحەدین عوسمان، 18 ساڵ گیانیان لەدەستداوە. هەروەها دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.