بافڵ تاڵەبانی داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکات "سەرکردە و سیاسەتمەدارانی کورد" ئازاد بکەن


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکات "سیاسەتمەدار و سەرکردە" زیندانیکراوەکانی کورد ئازاد بکەن و رێگەیان پێبدرێت چاویان بە کەسوکار، پزیشک و پارێزەرەکانیان بکەوێت. 
 
رۆژی سێشەممە 21-03-2023، ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی ڤیدیۆیی هەبوو. 
 
بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا دوای پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە هەموو بەشدرابووان، پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرد و گوتی: "ئینشاڵڵا ئەمساڵ ئەو ساڵە دەبێت کە هەموو کوردەکان بە یەکەوە ئیش دەکەن؛ هەموو کێشەکانی خۆمان لە لایەک دادەنێین؛ بە یەکەوە بۆ بەرژەوەندیی گەلەکەمان شان بە شان خەبات دەکەین." 
 
بافڵ تاڵەبانی پەیامێک ئاراستەی ئەو وڵاتانەش دەکات کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە و دەڵێت: "داوا دەکەم لە هەموو وڵاتەکانی دەوروبەرمان کە سیاسەتمەدارەکانمان بەردەن. هەموو سەرکردەکانمان بەردەن؛ ئیجازە بدرێت خەڵک سەردانیان بکات و دکتۆر و پارێزەرەکانیان بچنە خزمەتیان." 
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بە قوربانیانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا دەکات و دەڵێت: "دڵمان لای ئەو خانەوادانانەیە کە بەو کارەساتی بوومەلەرزەیە ئەو هەموو خزم و کەسوکار و خوشک و برا و باوک و دایکیان لەدەستدا." 
 
دەقی پەیامی نەورۆزی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەشداربوونی نەورۆزی ئامەدی باکووری کوردستان:
 
رۆژتان باش؛ خوشک و برایانی ئازیز نەورۆزتان پیرۆز بێت. ئەو هەموو منداڵە گەنجە و جوانە؛ نەورۆزی ئێوەش پیرۆز بێت. ئینشاڵڵا ئەمساڵ ئەو ساڵە دەبێت کە هەموو کوردەکان بە یەکەوە ئیش دەکەن؛ هەموو کێشەکانی خۆمان لە لایەک دادەنێین؛ بە یەکەوە بۆ بەرژەوەندیی گەلەکەمان شان بە شان خەبات دەکەین. 
 
داوا دەکەم لە هەموو وڵاتەکانی دەوروبەرمان کە سیاسەتمەدارەکانمان بەردەن. هەموو سەرکردەکانمان بەردەن؛ ئیجازە بدرێت خەڵک سەردانیان بکات و دکتۆر و پارێزەرەکانیان بچنە خزمەتیان. 
 
دڵمان لای ئەو خانەوادانانەیە کە بەو کارەساتی بوومەلەرزەیە ئەو هەموو خزم و کەسوکار و خوشک و برا و باوک و دایکیان لەدەستدا. بەپشتیوانی هەر هەمووتان، گوشار دەخەینە سەر حیزبەکان کە بەرژەوەندیی گەلەکەمان بخەنە پێش بەرژەوەندیی خۆیان. جارێکی دیکە زۆر زۆر سوپاستان دەکەم، بژی کورد و کوردستان. کوردستان یان نەمان.