هێزە ئەمنییەکانی عەفرین سێ کەس بە تۆمەتی کوشتنی چوار هاونیشتمانییەکەی عەفرین دەستگیردەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

هێزە ئەمنییەکانی عەفرین دەڵێن، سێ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی چوار هاونیشتمانییەکەی شارۆچکەی جندرێسی هەرێمی عەفرین دەستگیرکردوون، ئەوەش دوای ئەوەی کە چوار ئەندامی یەک خێزانی کورد لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆز، ئێوارەی رۆژی دووشەممە بە دەستی چەکدارانی ئەحرار شەرقییە کۆمەڵکوژکران. 
 
بزووتنەوەی ئازادی و ئاوەدانکردنەوەی سەر بە فەیلەقی یەکی سوپای نیشتمانیی سووریا، رۆژی سێشەممە 21-03-2023 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، "ئەو تێوەگلاوانەمان دەستگیرکردن کە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە هەڵاتبوون."
 
لەو ڤیدیۆیەی کە لەلایەن یەکە ئەمنییەکەوە بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کە سێ کەسیان دەستگیرکردوون، بەگوێرەی دانپێدانەکانیان، دووانیان لەدایکبووی 2000 و ئەوی دیکەیان 2004ـە و هەرسێکیان لە بنەڕەتدا خەڵکی دێرەزوور و ئێستا نیشتەجێی کەمپی جندرێسن. 
 
لە وێنەکانی دیکە کە دواتر بڵاوکرانەوە، دەردەکەوێت کە دوای وەرگرتنی دانپێدانەکانیان، سەریان تاشراوە. 
 
محەممەد جەلال، ئەندامی بزووتنەوەی ئازادی و ئاوەدانکردنەوە گوتی: "ئەمڕۆ کاژێر سێ تۆمەتبارەکانمان دەستگیرکردن و رادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێن."
 
ئەو هێزە کە رۆڵی پۆلیس دەگێڕێت، دەڵێت: "بە رۆڵی خۆمان هەڵدەستین بۆ ئەوەی رادەستی لایەنی پەیوەندیداریان بکەین تاوەکو سزای کارەکەیان وەربگرن."
 
هێزە ئەمنییەکە دەشڵێت، هۆشداری بە هەر لەیاسادەرچوویەک دەدەن دژی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر کاروباری خەڵک و بەڵێن بە هاووڵاتیان دەدات "وەکو قەڵخانێک" بۆیان بمێنێتەوە.