کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بەنیازە گوتەبێژەکانی حکومەت بنێرێتە واشنتن

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت، بۆ باشترکردنی توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامدانەوەی میدیاکان، هەوڵ بۆ ناردنی گوتەبێژەکانی دەدات بۆ واشنتن.
 
کۆنسوڵخانەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیێندراوێکدا ئەمەی بڵاوکردەوە.
 
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بە دیاریکراوی دەڵێت، "بۆ باشترکردنی توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامدانەوەی پرسیاری بەجێی راگەیاندنەکان لە کاتی خۆیدا، کار لەسەر ئەوە دەکەین گوتەبێژەکانی ناوەندە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرین بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا باشتر تێبگەن لەوەی نووسینگەکانی راگەیاندن لە حکومەتی خۆمان لە ئەمریکا چۆن کارەکانیان ئەنجامدەدەن".
 
لەبارەی ئەو راپۆرتانەی باس لە کەمبوونەوەی پێشێلکاری و دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانان دەکەن لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2022 - 2023، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، "بینینی ئەم گۆڕانکارییە مایەی هاندانمانە و دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە هەوڵەکانی تائێستایان بۆ باشترکردنی ژینگەی میدیا و راگەیاندن".
 
بە گوتەی کۆنسوڵخانەکە، سەرەڕای کەمبوونەوەی دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانان، "بەڵام هێشتا رۆژنامەوانان و ناوەندە چاودێرەکان راپۆرتی پێشێلکاریی لەسەر هەندێک لایەنی میدیایی بڵاودەکەنەوە لە نێویاندا دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی گشتی و بەشداربوون لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییانەی حکومەت رێکیان دەخات".
 
مانگی رابردوو سەنتەری میترۆ ئاماری ساڵانەی ئاستەنگ و تووندوتیژیی بەرامبەر رۆژنامەڤانان بۆ 2023 بڵاوکردەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکە 249 پێشلێلکاری لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر رۆژنامەنووسان تۆمارکراوە.
 
وەکو لە ئامارەکەدا هاتووە، لەو ساڵەدا 134 رێگری و جیاکاری؛ 38 زەوتکردنی کەلوپەلی رۆژنامەنووسی؛ 27 هێرش، هەڕەشە و جیاکاری؛ 5 دەستگیرکردنی بەدەر لە یاسای رۆژنامەنووسی؛ 37 دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا؛ 4 هێرشی ئەلکترۆنی؛ 2 شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەنووسی و 2 هەڵکوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنووس تۆمارکراون.