کەشناسی: پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پێشبینی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە، هەروەها بەگوتەی شارەزایەکی کەشناسی، هەفتەی داهاتوو پلەی گەرما جارێکی دیکە دادەبەزێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەشی کەشناسی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت.
هەروەها دەشڵێت، لە کاتەکانى دوانیوەڕۆی ئەمڕۆدا، لە هەندێک ناوچەى جیاجیادا ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، لەگەڵ ئەگەرى بارینى نمەبارانى پچڕپچڕ.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتەکە بێت، ئەمڕۆ ئەگەری بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان هەیە و بەراورد بە دوێنی پلەی گەرما 1 پلە بەرز دەبێتەوە.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی پێنجشەممە، کەشناسی دەڵێت، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە کاتەکانى دوانیوەڕۆ دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و ئەگەری نمەبارانێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان هەیە.
لەلایەکی دیکە، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سێ رۆژی داهاتوو هیچ پێشبینییەکی بارانبارین لە سەنتەری شارەکان ناکەن، ئەوەی هەیە تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکانە کە ئەگەری بارانبارین دەکرێت.
باسی لەوەشکرد، "بەڵام لە 25 بۆ 28ـی مانگ خێرایی با چالاک دەبێت و پلەی گەرماش زۆر دادەبەزێت".
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 17 سیلیزی
سلێمانی: 16 سیلیزی
دهۆک: 18 سیلیزی
کەرکووک: 20 سیلیزی
هەڵەبجە: 15 سیلیزی
زاخۆ: 17 سیلیزی
سۆران: 14 سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 4 سیلیزی
گەرمیان: 20 سیلیزی