پارێزگای مەلەتی: 3103 باڵەخانە بەتەواوەتی رووخان
رووداو - هەولێر
پارێزگای مەلەتی لە باکووری کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەڕەش لە پارێزگای مەلەتی سێ هەزار و 103 باڵەخانە بەتەواوەتی رووخاون.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 21ی شوباتی 2023 لە ماڵپەڕی فەرمی پارێزگای مەلەتی بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدراوە، بەهۆی دوو بوومەلەرزە 7.7 و 7.6 پلەییەکەی رۆژی شەشی شوبات لە پارێزگای مەڕەش کە شارۆچکەکانی پازارجخ و ئەلبیستان چەقی بوومەلەرزەکە بوون، لە پارێزگای مەلەتی سێ هەزار و 103 باڵەخانە رووخاون، هەروەها 18 هەزار و 29 باڵەخانە بەقورسی و دوو هەزار و 29 باڵەخانە بە ئاستی مامناوەند زیانیان بەرکەوتووە، 494 باڵەخانەش پێویستە بە خێرایی بڕوخێندرێن.
پارێزگای مەلەتی دەڵێت، ئێستا لە مەلەتی پاشماوەی نۆ باڵەخانەی رووخاو لابراون و لە 24 باڵەخانەدا کارکردن بۆ لابردنی پاشماوەی باڵەخانە رووخاوەکان بەردەوامن.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، 15 هەزار و 758 کەس لە زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە لە ژێر سێ هەزار و 51 خێوەتدا دەمێننەوە. لە ناوچە داخراوەکاندا شەش هەزار و 935 کەس جێگیرکراون، هەروەها 12 هەزار و 623 خێوەتی دیکەش بەسەر زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەدا دابەشکراون.
پارێزگای مەلەتی پێشتر رایگەیاندبوو، بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەڕەش لە پارێزگای مەلەتی یەک هەزار و 346 کەس گیانیانلەدەستداوە و شەش هەزار و 962 کەسی دیکەش برینداربوون.
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیان و کاژێر 12:43 خولەکی نیوەڕۆی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر، کە چەقەکەیان لە مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تائێستا 41 هەزار و 156 کەس گیانیان لەدەستداوە و 114 هەزار و 505 کەسیش بریندار بوون.