خۆپێشاندان لە ناوچەکانی بایکۆت بەردەوامە؛ لە سلێمانی کەمتر لە نیوەی قوتابخانەکان کراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی بۆ رووداو، لە کۆی 1408 قوتابخانە، 609ـیان بە رووی قوتابیاندا کراونەتەوە و مامۆستایان تێیاندا دەستیان بە وانەگوتنەوە کردووە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ لەو ناوچانەی بایکۆتیان تێدابوو، خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕازی بەردەوام بوو.
8ـی ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی، ساڵنامەی خوێندنی راگەیاند و بەگوێرەی ساڵنامەکە، 9ـی ئەم مانگە وەرزی یەکەمی خوێندن دەستیپێکرد و، تاوەکو 4ـی ئاداری ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی ئامارێک کە رووداو لە پەروەردەی گشتیی سلێمانی وەریگرتووە، لە کۆی 1408 قوتابخانە 397ـیان دوای راگەیاندنی ساڵنامەی نوێی خوێندن، بەڕووی قوتابیاندا کراونەتەوە و دەستیان بە خوێندن کردووە؛ 212 قوتابخانەش پێش 9ـی مانگ خوێندنیان تێدا بووە.
گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ ناوەندەکانی خوێندن لەکاتێکدایە، بەگوێرەی رێنوێنییەکی پەروەردەی سلێمانی، لە 16ـی ئەم مانگەوە ئامادەنەبوونی مامۆستایان لە ناوەندەکانی خوێندن وەرگیراوە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە لە سنووری چەندین پەروەردە خۆپیشاندانی مامۆستایان بەڕێوەچوو. کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی وانەبێژان بە رووداوی گوت، ئەوان خۆپیشاندان دەکەن و "وانەبێژان ئامانجیان دامەزراندن و مامۆستایانی ناڕازی ئامانجیان پلەبەرزکردنەوەیە، بەڵام هیچ یەکێک لەو ئامانجانە نەهاتووەتە دی؛ بۆیە لە بایکۆتکردن بەردەوام دەبین."
لە پەروەردەی گشتیی سلێمانی، 39 هەزار و 13 مامۆستا و فەرمانبەر هەن کە 29 هەزار و 466 مامۆستای میلاک، نۆ هەزار و 546 فەرمانبەر و 600 وانەبێژن. 386 هەزار و 422 قوتابیش لە قوتابخانە حکومییەکان وانە دەخوێنن.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، 101 قوتابخانەی تایبەت هەن کە سێ هەزار و 470 مامۆستا تێیاندا وانە دەڵێنەوە و 29 هەزار و 555 قوتابیش تێیاندا وانە دەخوێنن.
تۆڕی پەیامنێرانی رووداو لەنێو خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ئەمڕۆی مامۆستایانی ناڕازی دوایین زانیارییەکان باس دەکەن:
نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سەیدسادقەوە گوتی، ئەمڕۆ لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سەیدسادق هاوشێوەی پێشتر خۆپێشاندانە، بگرە قەرەباڵختریشە، هۆکاری ئەو قەرەباڵخییەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەتایبەتی دوێنێ هەندێک گوشار هەبوون بۆ ئەوەی بایکۆت بشکێنن.
لە کۆی 86 قوتابخانەی سنووری پەروەردەی سەیدسادق، بەگوتەی نزار جەزا تەنیا لە نزیکەی 12 قوتابخانە، کە پۆلی 12ـی ئامادەییان هەیە، دەوامی پۆلی 12 دەکرێت.
لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی راپەڕینیش مامۆستایانی ناڕازی گردبوونەتەوە. ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە سنووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین گوتی "بەڵام بەهۆی ئەوەی هێزێکی ئەمنیی زۆر لەنزیک بەڕێوەبەرایەتییەکە جێگیر کراوە، رێگە نادەن دەزگاکانی راگەیاندن خۆپێشاندانەکە بگوازنەوە."
جگە لە رانیە، بە گوتەی ئەبوبەکر ئیسماعیل لە قەڵادزێش خۆپێشاندانە، پەیامنێرەکەی رووداو دەڵێ "وەک قسەم لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی کردووە، ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە سەرەڕای هەموو شتێک، هەتاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، ئامادە نین بایکۆت بشکێنن."
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیانەوە گوتی، دوێنێ سێ مامۆستا وەک نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لەلایەن ئاسایشەوە بانگکرابوون، چەند کاژێرێک لەوێ مانەوە و دواتر ئازاد کران، "بەبێ ئەوەی باسی وردەکارییەکەی بکات، یەکێک لەو مامۆستایانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیبووی بەردەوام دەبین لە خۆپێشاندان."
لە کەلار هاوشێوەی یەکشەممەکانی پێشوو، خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕازی بەردەوامە، پەیامنێرەکەی رووداو باسی لەوە کرد "جیاواز لە سلێمانی و راپەڕین، هیچ هێزێکی ئەمنی لێرە نییە نە ئاسایش و نە پۆلیس."
سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجەوە باسی لەوە کرد، جیاواز لە هەفتەکانی پێشوو ئەو قەرەباڵخییەی هەفتەکانی پێشوو لێرە لە خۆپێشاندانەکان
هەبوو، ئەمڕۆ نەبوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هێزی ئەمنی لێرەن.
بە گوتەی پەیامنێرەکەی رووداو کە قسەی لەگەڵ بەشێکی بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی ئەو سنوورە کردووە، "ئەوان باسی ئەوە دەکەن، کە لە سەرەتاوە لەگەڵ بایکۆت نەبوون."