نوێنەرى ئەنجوومەنى سووریاى دیموکرات: پێدەچێت بەهۆی ناکۆکییەکانەوە کورد بە دوو شاند بچێتە دیمەشق

 
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرى ئەنجوومەنى سووریاى دیموکرات لە هەرێمى کوردستان دەڵێت: پێدەچێت بەهۆی ناکۆکییە نێوخۆییەکانەوە کورد لە رۆژئاوای کوردستان نەتوانێت بە یەک شاندی هاوبەش بچێتە دانوستاندنەکانی دیمەشق.
 
هۆشەنگ دەروێش نوێنەرى ئەنجومەنى سووریاى دیموکرات (مەسەدە) لە هەرێمى کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: هیچ نزیکبوونەوەیەک نییە لەنێوان لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەوەش بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئایندەی رۆژئاوای کوردستان و پێگەی کورد لە سووریای نوێدا.
 
گوتیشی: بەهۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانەوە پێدەچێت کورد بە دوو شاندی جیاواز بچێتە دانوستاندنەکانی دیمەشقەوە ئەوەش پێگەی کورد بە تەواوی لاواز دەکات لەکاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاویان لەوەیە کورد بە یەکگرتوویی بچێتە قۆناخی داهاتووی سووریا.
 
دەروێش نموونە بە هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەهێنێتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: پێویستە لایەنە کوردییەکان ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان چاو لە هەرێمی کوردستان بکەن کە هەرکات کورد بە یەکگرتوویی چووبێتە بەغدا دەستکەوتی زیاتری هەبووە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر لەم قۆناخەشدا لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بە یەکگرتوویی نەچنە دیمەشق ئەوا لەنێو گۆڕانکارییە خێراکانی سووریادا پێگەی کورد لاواز دەبێت.
 
"ئێستا جگە لە هاوکێشەی سیاسی، هاوکێشەیەکی سەربازیی ئاڵۆز لە ناوچەکە و بەتایبەت لە سووریا هەیە، لەم هاوکێشە سەربازییەشدا پێویستە کورد هێزە سەربازییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان یەکخراوتر و رێکخراوتر بکات تاوەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەمریکا بەردەوام بێت لا هاوکاریی و پاڵپشتییەکانی بۆ هێزە کوردییەکان" هۆشەنگ دەروێش نوێنەرى ئەنجومەنى سووریاى دیموکرات (مەسەدە) لە هەرێمى کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ وای گوت.
گوتیشی: پێگەی جوگرافی رۆژئاوای کوردستان پێگەیەکی هەستیارە و نە تورکیا و نە هێزەکانی "تەحریر شام" دۆستی نین، ئەگەر لە نێوخۆشدا گرفت و کێشەکان وەلانەنرێن ئەوا هێندەی دیکە قەبارەی مەترسییەکە لەسەر رۆژئاوای کوردستان و پێگەی کورد لە سووریا گەورەتر دەبن.
 
ئەو گوتانەی نوێنەری مەسەدە لە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ (هەینی 20-12-2024) بارابارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک گوتی: "لە کاریگەرییەکانی شەڕ لە نزیک بەنداوی تشرین و زیانگەیاندن بەو بەنداوە زۆر نیگەرانین، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و هەسەدە لەبارەی ئاگربەست لە گفتوگۆداین و راگەیاندنی ئاگربەست لە دەوروبەری کۆبانێ باشترین هەنگاوە لەم کاتەدا.